شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریكا داوای لەئێران كرد حزبوڵڵا لەهێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت و ڕایگەیاند، ئێستا بابەتەكە لەڕێككەوتن چۆتە دەرەوەو تەنها دەبێت باس لەوەبكرێت كەی واژۆ دەكرێت.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند، چی دیکە پرسی نێوان ئێران و ئەمریکا بەو جۆرە نییە کە ئایا رێککەوتن دەکەن یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کەی واژۆ دەکرێ.
وتیشی،" بەپەلە داوا لەئێران دەكەین کە حیزبوڵڵا لەهێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل ڕابگرێت.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس وتی، پێشبینی ناکات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری بەیروت ببنە بەربەست لەبەردەم رێککەوتن لەگەڵ ئێران.
هێگسەس هۆشداری دایە تاران و ڕایگەیاند، "ئەگەر ئێران دەیەوێ ئەم رێککەوتنە بپارێزرێ، دەبێت رێگری لەحیزبوڵڵا بکات و جڵەوی بکات".
وەزیری جەنگی ئەمریکا وتیشی، واشنتۆن بەوردی چاودێریی هاوێشتنی موشەک لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەئاراستەی باکوری ئیسرائیل دەکات و وتی،"ئەمە بابەتێکە کە دەبێت رابگیرێ. پێویستە ئێران هانی حیزبوڵڵا بدات هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بوەستێنێت."
سەبارەت بە کاردانەوەکانی تەلئەڤیڤ بەرامبەر حیزبوڵڵا، پیت هێگسەس وتی،"وەڵامی ئیسرائیل بۆ حیزبوڵڵا بەدانبەخۆداگرتنێکی زۆرەوە بوە، چونکە ئەوان درکیان بەوە کردوە کە ئێمە لەلێواری گەیشتن بەرێککەوتنین".
