شارپرێس:
بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا ڕێنمایی پێگەیشتووە بۆ لادانی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز لە ڕۆژی هەینی، ئەمەش بە مەرجی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دۆخەکە ئێستا بەم شێوەیەیە و ئەگەری هەیە تا ڕۆژی هەینی داهاتوو گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتادا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ڕێگە بە لادانی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران دەدات، دواتریش وتی کە بە کردنەوەی گەرووەکە لە ڕۆژی هەینی بۆ پاککردنەوەی مینەکان، نەوت دووبارە لە هەردوولاوە بۆ ناوچەکە و جیهان دەڕژێت.
هاوکات ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە واژۆکردنی فەرمی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ڕۆژی هەینی، کە دەکاتە 19ی حوزەیران، ئەنجام دەدرێت.