شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێشوازی لەواژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەكەین و پشتیوانی تەواوی هەموو هەوڵەکان دەكەین.
لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكاو ئێران، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەراگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، پێشوازی لەواژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەین و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەمو هەوڵەکان بەئامانجی بەهێزکردنی وتوێژو یەکەمایەتیدان بەچارەسەرە دیپلۆماسییەکان لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان و ململانێکان دوپاتدەکاتەوە.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، بەناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە پیرۆزبایی لەحکومەت و گەلانی ههردو وڵاتی دۆست دەکات، هیوای خۆی دەردەبڕێت کە ئەو هەنگاوە بەشداربێت لەچەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەو کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە بکات.
وەزارەتەكە دەشڵێت، هەڵوێستی نهگۆڕی عێراق هەمیشە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی شەڕو گرتنەبەری دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتیانە وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بوەو هەرواش دەمێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كە "عێراق زیانێکی زۆری بەرکەوتوە لەکاردانەوەی ئەو ململانێ و شەڕانەی کە ناوچەکەی گرتوەتەوە، ئەوەش قەناعەتی پتەوی خۆی بەگرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ ڕێگریکردن لەپەرەسەندن و دورکەوتنەوە لەخلیسکان بۆ روبەڕوبونەوەی نوێ بەهێزتر کردوە".
ههروهها ئەوەش خراوەتەڕوو، عێراق بەردەوام دەبێت لەڕۆڵی نەریتی خۆی لەپڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، کە سەرچاوەی گرتوە لەسیاسەتی دەرەکی هاوسەنگ و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی دیالۆگ و پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی ناوچەیی.
