شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی حکومیی عێراقی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە بەغداد کردووە خشتەیەکی کاتیی ڕوون و دیاریکراو دابنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی یاسادا کار دەکەن.
سەرچاوەکە بۆ ڕادیۆی "ئەلحوڕڕە"ی راگەیاندووە کە ئەم داواکارییە لەلایەن تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکاوە لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیەندراوە.
ئەوەش هاتووە: واشنتۆن جەختی کردۆتەوە کە پێویستە بەڵێنە سیاسییەکانی عێراق لەمبارەیەوە بگۆڕدرێن بۆ ڕێوشوێنی کرداریی و دۆسیەکە بە کراوەیی و بێ خشتەی کاتیی نەمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە عێراقییەکان، بازنەی ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن فراوانتر بووە؛ جگە لە "کەتائیبی حزبوڵڵا" و "بزووتنەوەی نوجەبا"، ئێستا "بزووتنەوەی ئەوفیا" و "کەتایبی سەیدولشوهەدا"ش هاتوونەتە پاڵیان.
لە بەرامبەردا، میلیشیاکانی وەک "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتایبی ئیمام عەلی" ئامادەیی خۆیان پێشانداوە و بەڕێوەبردنی هێزەکانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و دەوڵەت کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی حکومەتەکەی زەیدی لەوەدایە کە چۆن ئەم داواکارییەی ئەمریکا لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتییدا جێبەجێ دەکات، بەتایبەت کە واشنتۆن دۆسیەی چەک وەک بابەتێکی "ئەمریکی-عێراقی" دەبینێت و پێدەچێت فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ بەغداد ببەستێتەوە بەم پێشکەوتنەوە.