لێکتێگەیشتنە دارایی و ئەمنییەکانی نێوان ئەبوزەبی و تاران... ئایا قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کەنداو لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە؟

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 77 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە بوونی لێکتێگەیشتنی ڕانەگەیەندراو لە نێوان ئیمارات و ئێراندا دەکەن، کە پەیوەستە بە ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران، لەبەرانبەر ڕێگریی لە هێرشی سوپای پاسداران بۆسەر ئەو وڵاتە.

 
چاودێران ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە ڕێکخستنە هەرێمییە بەرفراوانەکان دەبینن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زەمینەسازی سیاسی بۆ کۆتایهێنان بەو شەڕەی لە نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە هەیە.

بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەبوو زەبی بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی لانی کەم 10 ملیار دۆلار بۆ تاران، لە کاتێکدا خەمڵاندنەکانی تر ئاماژە بە ئەگەری گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ نزیکەی 20 ملیار دۆلار دەکەن، هاوکات زانیاریی هەیە کە گوژمەی یەکەم بە بڕی 3 ملیار دۆلار پێشتر حەواڵە کراوە.

 هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە توندی ئەم زانیارییانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە هیچ پارەیەکی ئێران ئازاد نەکراوە، بەڵام هاوکاتبوونی ئەم دزەپێکردنانە لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، گومانی بوونی ڕێککەوتنی پشت پەردەی بەهێزتر کردووە.

ئەوەش هاتووە: ئەم لێکتێگەیشتنانە بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ و جێگیرکردنی بازاڕەکانی وزە و ڕێڕەوە دەریاییەکان، بەتایبەت گەرووی هورمز. 

ئیمارات کە خۆی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لە ڕێگەی هێرشی موشەکیی و درۆنییەوە بۆ سەر بەندەری فوجەیرە ببووە ئامانجی ئێران، ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنێکی ئەمنیی ڕاستەوخۆوە، وڵاتەکەی لە هەر ڕووبەڕوبوونەوەیەکی گەورە دووربخاتەوە و پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی دارایی جێگیر بپارێزێت. 

ئەم ڕێککەوتنە تەنها لایەنی دارایی ناگرێتەوە، بەڵکو گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەماهەنگی ئەمنیی بۆ ڕێگری لە هێرشەکانیش لەخۆدەگرێت.

ئەم دۆخە دەرفەتێک بە هەموو لایەنەکان دەبەخشێت؛ ئێران پارەکان وەک گەڕاندنەوەی دارایی خۆی نیشان دەدات، واشنتۆن دەتوانێت بڵێت هیچ پارەدانێکی ڕاستەوخۆی نەکردووە، و ئیماراتیش گەرەنتی ئەمنی بەدەستدەهێنێت. گرنگی ئەم بابەتەش لەوەدایە کە دوبەی هەمیشە کەناڵێکی گرنگی بەستنەوەی تاران بووە بە ئابووریی جیهانییەوە.

راپۆرتەکان باس لەوەدەکەن کە گفتوگۆکان دوای سەردانی شاندێکی سوپای پاسداران بۆ ئەبوو زەبی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەحنون بن زاید ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات خێراتر بوون، کە دواتر بە سەردانی بەرپرسانی ئیماراتی بۆ تاران بەردەوام بوو. 

چاودێران پێیان وایە ئەمە نیشانەی گۆڕانی سیاسەتی دەوڵەتانی کەنداوە لە ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆوە بەرەو بەڕێوەبردنی گرژییەکان، هۆشداریش دەدەن کە ئەم تێگەیشتنانە ئەگەر هەیە بەهۆی شکستی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران یان سەرهەڵدانەوەی شەڕی نوێ، دووبارە تێکبچنەوە.