وەزارەتی تەندروستی توشبونی دوو کەسی بە تای خوێنبەربون راگەیاند

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا دوو حالەتی توشبوو بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا، کە باوک و کوڕێکی دانیشتوی شاری هەولێرن.


 وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوو حاڵەتی توشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربون لەشاری هەولێر تۆمارکرا، کە بریتیە لە باوک و کوڕ تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵ لەهەمان خێزان، دانشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن ".

ئەوەشیخستەڕوو، ئەو دوو کەسە بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ لە دوو هەفتەی ڕابردوو و بەرکەوتەی ئاژەڵی توشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربون و بونی نیشانەکانیان، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکرد،" لەئێستادا ئەو دوو توشبوە لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە".

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لەکاتی بونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، دەستبەجێ تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتیانی بەرکەوتوانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.

بەپێی راگەیەنراوەکە، تا ئێستا دوای بونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها دوو حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.