شارپرێس:
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە عیبرییەکان ئاشکرایانکردوە، دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل توشی بێهیوایییەکی قوڵ بوە بەهۆی ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیەی لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا ڕاگەیەنراوە.
میدیاکان باس لەوەدەکەن، بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل لەکۆبونەوەی کابینەی بچوککراوەی حکومەتدا هۆشدارییانداوە کە ئەم ڕێککەوتنە لەقورسایی ئەو گەمارۆ ئابورییە توندە کەمدەکاتەوە کە خرابوەسەر تاران.
ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوەهات، دۆناڵد ترەمپو مهسعود پزیشکیان بەشێوازی ئەلیکترۆنیو لەدورەوە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆکردو مەراسیمی فەرمیی گۆڕینەوەی واژۆکانیان لەژنێف هەڵوەشاندەوە.
بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکردوە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆسەر گەروی هورمز لەقۆناغی کۆتاییی بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا بوو و ئابوریی ئێرانی گەیاندبوە لێواری داڕمان.
بەگوێرهى ڕاپۆرتەکان، ئەو گەمارۆیە ببوە هۆی دروستبونی کەمیی توند لەدەرمانو پێداویستییە سەرەکییەکانو دروستبونی ڕیزی درێژ لەبەنزینخانەکاندا، بەشێوەیەک گەورەترین کێشەی تاران لەکەرتی نەوتدا دەرکەوتبوو، چونکە بەهۆی نەبونی بۆری وشکانیو پڕبونی کۆگاکانو کەشتییە نەوتبەرەکان، ئێران ناچارببوو بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
تەنانەت ڕێکخراوی ئۆپێک لەڕاپۆرتی ڕابردوی خۆیدا کەمبونەوەی بەڕێژەی 19% لەبەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانی تۆمارکردبوو، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ داخستنی کێڵگە نەوتییەکان کە زیانێکی قەرەبوو نەکراوەی لێدەکەوتەوە.
ئەوەش هاتوە، ئێستا فەرماندە ئەمنییەکان بەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانیان ڕاگەیاندوە کە ئەم ڕێککەوتنە نوێیە وەک ئۆکسجین وایە بۆ ڕژێمی ئێران.
بهگوێرهى بەندەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئیدارەی ئەمریکا ڕازیبوە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران هەڵپەسێرێت، ئەمەش دەرفەت بەتاران دەدات دوبارە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکاتو ڕێگریی دەکات لەداخرانی کێڵگە نەوتییەکانی دیكهى کە ئەمەش نائومێدییەکی گەورەی بۆ بەرەی دژبەری ئێران لەناوچەکەدا دروستکردوە.
