په‌یامێكى پڕ له‌هۆشداریى له‌ئه‌مریكاوه‌ ئاراسته‌ى پارتى‌و یه‌كێتیى ده‌كرێت‌و هه‌رێم ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌وه‌

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەنگە کورد بۆ هەمیشە پشتیوانی ئەمریکا لەدەستبدات؛ ئەمە پەیامی ڤیکتۆریا تایلۆر بەرپرسی پێشوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کاروبارى عێراق‌و ئێران، لەدوایین لێدوانیدا وێنەیەکی نیگەرانکەر لەداهاتوی هەرێمی کوردستان دەکێشێت، ده‌شڵێت، "ئەگەر پارتی‌و یەکێتیی بەردەوامبن لەئەنجامدانی یاریی نێوانیان، ڕەنگە لەئایندەیەکی نزیکدا خۆیان بەتەنها ببیننەوە لەنێو فشارەکانی بەغداو پێشهاتەکانی ناوچەکەدا".


تایلۆر هۆشداریدەدات لەوەی کە قەیرانی سیاسیی بەردەوامی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانى كوردستان‌و پڕۆسەی پێکنەهێنانى حکومەت، نەک هەر پێگەی کورد لەناوخۆی عێراق  خستوەتە مەترسییەوە، بەڵکو پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەولێرو واشنتۆنیشی خستوه‌تە مەترسییەوە.

به‌گوێره‌ى لێدوانێكى ڤیکتۆریا تایلۆر كه‌ ڕۆژنامەی ستاندەر نیوز- ئانالیتیکاڵ میدیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، وتویه‌تى، "گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم، نەبونی دەنگێکی یەکگرتوی کوردە لەواشنتۆن".

دەشڵێت، "جێگه‌ی داخە کە دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، هێشتا لایەنەکان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی سیاسیی".

به‌وته‌ى ڤیكتۆریا، "ئەو دۆخە وایکردوە ئەمریکا دودڵ بێت لەدرێژکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو تەرخانکردنی پارە بۆ ئەو هێزانە؛ پرسێک کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی هەرێمى کوردستان".

سەبارەت بەبەغداش، تایلۆر ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئیدارەی نوێی ئەمریکا پشتیوانیی حکومەتی عەلی زەیدیی دەکات‌و پێشبینیدەکات ڕێوشوێنی کردەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان بگیرێتەبەر".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەگەر کورد بەهەڵوێستێکی یەکگرتوو نەچێتە بەغداو پاڵپشتی لەکارەکانی حکومەتی عەلی زەیدیی نەکات، ئەمریکا هەمان هەڵوێستی پێشوی بەرامبەر بەکورد نابێت".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "دانانی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پێشهاتێکی گرنگی دیکەیە، باراک کەسێکی پراگماتیست‌و بازرگانه‌، تەنها لەو شوێنانەدا دەستوەردان دەکات کە بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا لەمەترسیدایە، پەیامی ئەم ڕێبازەش ڕونە كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى، واشنتۆن چیتر خۆی بەبەرپرسیار نابینێت لەچارەسەرکردنی ناکۆکی ناوخۆیی پارتی دیموکرات‌و یەکێتیی نیشتمانى، کورد نابێت چاوەڕێی موعجیزەیەکی ئەمریکی بکات".

لەکۆتاییدا ئەو بەرپرسەی پێشوی ئەمریکا هۆشداریدەدات‌و ده‌ڵێت، "سەردەمی پشتیوانی بێ مەرج کۆتاییهاتوە، ئەگەر پارتی‌و یەکێتیی بەردەوامبن لەئەنجامدانی ئەم یارییە مەترسیدارە، ڕەنگە لەئایندەیەکی نزیکدا خۆیان بەتەنها ببیننەوە لەنێو فشارەکانی بەغداو پێشهاتەکانی ناوچەکەدا".