شارپرێس:
ماڵپەڕی "ئەکسيۆس"ی ئەمریکی لەزاری ڕاوێژکارێکی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردوهتەوە، تەلئەبیب خۆی بەپابەندی ئەو بەندە تایبەتەی لوبنان نازانێت کە لەیاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکاو ئێراندا هاتوە.
بەوتەی ڕاوێژکارەکە، ناتانیاهۆ بەسەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، ئیسرائیل لەو ناوچانەی باشوری لوبنان ناکشێتەوە کە کۆنترۆڵیکردون، مەگەر هێزەکانی حزبوڵڵا بەتەواوی چەکبکرێن.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم لێدوانانە ئاماژەی جیاوازیی نێوان هەڵوێستی ئیسرائیلو دەرئەنجامەکانی لێکتێگەیشتنی ئەمریکاو ئێرانە، لەکاتێکدا ئیسرائیل جەختدەکاتەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەمنیی داهاتوو لەسەر سنوری باکوری ئەو وڵاتە، دەبێت کۆتایی بەبونی سەربازیی حزبوڵڵا بهێنێتو ڕێگریی لەجێگیربونەوەی بکات لەنزیک سنورەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بەیروت پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ناتانیاهۆ کردوەو نیگەرانیی خۆی نیشانداوە کە هێرشەکە پێش ماوەیەکی کورت لەواژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە.