ئیسرائیل ئامادەباشی تەواوی سوپاكەی ڕاگەیاند

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایال زامیر، سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک کە لەلایەن حیزبوڵاوە بەرامبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلوبنان ئەنجام بدرێت.


زامیر جەختی کردەوە،"ئەگەر ڕێککەوتنی ئاگربەست پێشێل بکرێت یان هەڕەشەیەک لەسەر هاوڵاتیانی ئێمە دروست بێت، سوپا دەستبەجێ و بەبێ دودڵی دەچێتە ناو هێرشێکی خێرا و بەهێزەوە".
دەشڵێت، سوپای ئیسرائیل پلان و هێزی پێویستی ئامادە کردوە بۆ ئەوەی لەچەند کاتژمێرێکی کەمدا هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر باشوری لوبنان دەستپێبکاتەوە ئەگەر حیزبوڵا چەکەکانی نەباتە پشت ڕوباری لیتانی.

ئیسرائیل ڕایگەیاندوە کە ئەوان چاوپۆشی لەهیچ جوڵەیەکی سەربازی یان بونیادنانەوەی ژێرخانی سەربازی حیزبوڵا لەنێوان سنورو ڕوباری لیتانیدا ناکەن.

هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوری باکور هێشتا لەدۆخی هۆشیاری و ئامادەباشی کامڵدان و نەکشاونەتەوە بۆ ناوچە قوڵەکانی ناوخۆ، تا دڵنیا نەبن لەجێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانی ئاگربەستەکە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لێژنەی چاودێری (بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو فەرەنسا) هەوڵدەدەن سەقامگیریی ئاگربەستەکە بپارێزن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پەیامێکی ڕون بنێرێت کە "ئاگربەست بەواتای کۆتاییهاتنی شەڕ نییە ئەگەر مەرجەکان پێشێل بکرێن."

بەپەلە