پاسدارێكی ئێران كوژرا.. هەڕەشەی توندتر دەستپێدەكات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران لەبەندەر ماهشەهر ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پاسدارێکیان لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی درۆندا کوژراوە، هاوكات، بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی توند دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تاران رێگە بەهیچ جۆرە دەستوەردانێک لەبەڕێوەبردنی گەروی هورمز نادات و هێزە چەکدارەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی سوپای پاسداران، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران لەکاتی بەجێهێنانی ئەرک و بەرگریکردن لەسنورە ئاوییەکانی باشوری ئێراندا کوژراوە.

هاوكات، بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی توند لەئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تاران رێگە بەهیچ جۆرە دەستوەردانێک لەبەڕێوەبردنی گەروی هورمز نادات و هێزە چەکدارەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن.

بارەگای خاتەمولئەنبیا لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامێکی توندو کوشندەی دەستدرێژی و کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەمریکا دەدەنەوە. 
جەختیشی کردووەتەوە کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە بەدەستوەردان لەکاروباری گەروی هورمزو بەڕێوەبردنی نادەن.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئامادەبونی بەرچاوی جەماوەر لەرێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی "سەرکردەی شەهیدی ئومەتی ئیسلامی"، شکستێکی گەورە بوو بۆ ئەمریکا. 

بارەگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشەدەكات و دەشڵێت،"سوپای ئەمریکا بەبێ هیچ پابەندبونێک بەبەڵێنەکانی، لەکاتێکدا تەرمی رێبەری شەهیدی ئازادیخوازان میوانی گەلی عێراق بوو، لەدەستدرێژییەکی ئاشکرادا هەندێک ناوچەی باشوری ئێرانی کردە ئامانج."

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمز، زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازییان لەناوخۆی ئێران پێکاوە؛ لەوانەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی کەناراو و بنکەکانی سوپای پاسداران.

لەبەرامبەردا، سوپای پاسداران لە میدیای فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لەئۆپەراسیۆنێکی موشەکی و درۆنیدا، 85 بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایان لەناو خاکی کوێت و بەحرێن پێکاوە.