شارپرێس:
ئاژانسی سەلامەتی فڕۆکەوانی سەر بەیەکێتی ئەوروپا (EASA)، هۆشدارییەکی نوێی دەرکردو داوای لەکۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان و ئەگەری پەرەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، خۆیان لەبەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتانی ئێران، عێراق و لوبنان بەدور بگرن و دەڵێت، لەم كاتەدا مەترسیدارن.
ئاژانسەکە هۆشدارییەکانی پێشوی سەبارەت بەئاسمانی وڵاتانی (بەحرەین، کوەیت، ئیسرائیل، ئوردن، قەتەر، عومان، ئیمارات و سعودیە) هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر داوای کردبوو کۆمپانیاکان بەوریاییەوە لەو ناوچانەدا بفڕن.
ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشوری وڵاتەکەی، 85 بنکە و دامەزراوەی سەربازی ئەمریکای لەبەحرەین و کوەیت بەموشەک و درۆن کردوەتە ئامانج و لەنوێترین پێشهاتیشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كۆتایی بەئاگربەست لەگەڵ ئێران هێنا.