دوەم كاردانەوەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران..سزاكانی گەڕاندەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2801 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆڵەتەیدا کە پێشتر بەهۆیەوە سزاکانی نەوتی سەر ئێرانی بەشێوەیەکی کاتی لادرابون. ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەگەروی هورمز هێرشکرایەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر.


نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، مۆڵەتی گشتیی پەیوەست بەئێرانیان هەموار کردوەتەوەو بەگوێرەی بڕیارەکە، مۆڵەتی پێشوی گشتیی هەڵوەشێندراوەتەوەو مۆڵەتی نوێی هەموارکراوی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لەئەمڕۆوە مۆڵەتی پێشوی گشتیی بەتەواوی کۆتایی پێهاتوەو پڕۆسەی ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بەفرۆشتنی نەوتی ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بەڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەفەرمی بڕیاریدا مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵۆزییە نوێیەکانی ئێران لەناو گەروی هورمز لەلایەن واشنتنەوە بەتەواوی بێپاساو و ناپەسەند بون و ڕوبەڕوی "لێکەوتەی توند" دەبێتەوە.

پێشتریش، ترەمپ لەیەكەم هەڵوێستیدا كۆتایی بەدانوستاندن لەگەڵ ئێران هێناو ڕایگەیاند، نایەوێت هیچ مامەڵەیەکی داهاتوو لەگەڵ ئێراندا بکات و  بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە"نەخۆش" وەسفکرد.