شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریکا بەسەردانێکی بەپەلەو لەناکاو لەئەنقەرەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوێت.
ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممەو دوای چەند كاتژمێرێك لەگرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئیسرائیل، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەكات.
ماڵپەڕەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە هێگسێت ئێستا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەلوتکەی ناتۆیە لەئەنقەرە، هەر ئەمڕۆ تورکیا جێدەهێڵێت و ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی فەرمیی ناوبراو بۆ ئیسرائیل لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتوە.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەدۆسیەی ئێران. ئامانجێکی تری سەرەکیی سەردانەکە دڵنیاکردنەوەی تەلئەڤیڤە سەبارەت بەو نیگەرانییانەی هەیانە لەئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی جۆری F-35 بەتورکیا، کە پێشنیازێکی ترەمپ بوە لەلوتکەی ئەنقەرە.
لەبەرامبەردا، تۆڕی CNN ئاماژەی بەوە کردوە کە پلانی ئەم سەردانە پێشتر داڕێژرابوو، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران و ئاڵوگۆڕی تەقە لەنێوان هەردولادا، هێشتا ڕون نییە کە ئایا خشتەی کۆبونەوەکانی هێگسێت لەئیسرائیل گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت یان نا.