شارپرێس:
ئافی شوشان، وتەبێژی پێشووی نەخۆشخانەی ئیخیلوف لە تەلئەبیب، لە میانی دیبەیتێکدا لە کەناڵی 14 ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پێشتر هاوکاری لە ڕزگارکردنی ژیانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیادا کردووە.
بە گوتەی ناوبراو، دوای تووشبوونی ئەردۆغان بە شێرپەنجە، پزیشکێکی باڵای نەخۆشخانەکەیان ڕەوانەی تورکیا کراوە.
شوشان ناسنامەی پزیشکەکەی ئاشكرا نەکردووە، بەڵام جەختی لە ڕۆڵی ئیسرائیل کردۆتەوە و گوتویەتی ئەم ئەرکە پزیشکییە بە داواکاریی مۆساد و ڕەزامەندیی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ کراوە، هەروەها ئاماژەی بە داڤید بارنیع، سەرۆکی پێشووی مۆسادیش کرد.
شوشان بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆکی تورکیا گرتووە کە ئێستا دژایەتیی ئیسرائیل دەکات و وتی ئەم پیاوەی ئەمڕۆ هەڕەشە لە جوولەکەکان دەکات، بەهۆی جووێک و ئیسرائیلێک و بە فەزڵی نەتانیاهو و بارنیع دەژی و هەناسە دەدات.
چەند ساڵێک لەمەوبەریش میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئەردۆغان ڕاوێژی پزیشکی لە پرۆفیسۆر یتسحاق شابێرا، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیخیلوف و بەرپرسی گەشتوگوزاریی پزیشکیی وەرگرتووە.