ئێران کوژرانی هەشت سەربازی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاكانی ئێران ئاشكرایانكرد، لەهێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر باشوری وڵاتەکە هەشت سەرباز کوژراون

میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لەباشوری ئێران، هەشت سەربازی سوپای ئەو وڵاتە کوژراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەو سەربازانەی کە گیانیان لەدەستداوە، سەر بەهێزەکانی ئاسمانی و دەریایی سوپای ئێران بون.

هاوكات ئاماژەیان بەوەشكردوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا فۆکەسیان لەسەر دوو شاری سەرەکی و گرنگی کەناراوی بوە لەباشوری ئێران، کە ئەوانیش، بەندەر عەباس (کە بنکەیەکی گرنگی هێزی دەریایی ئێرانی لێیە)و بوشەهر (کە بەهۆی دامەزراوە ئەتۆمی و پیشەسازییەکانییەوە ناسراوە).

ئەم گرژییە سەربازییە نوێیە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بەقۆناغێکی ئێجگار هەستیارو پڕ لەئاڵۆزیدا تێپەڕ دەبێت و چاودێرانیش نیگەرانن لەئەگەری بەرفراوانبونی زیاتری پێکدادانەکان.