خەیبەرشکێن.. چەکە نوێیەکەی ئێران کە سیستەمی بەرگریی ئەمریکای توشی سەرئێشە کردوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردوه‌تەوە، ئێران لەهێرشەکانی ئەمدواییەی بۆسەر بنکە ئەمریکییەکانی ناوچەکە، موشەکی پێشکەوتوی "خەیبەرشکێن" بەکارده‌هێنێت.


به‌گوێره‌ى وتەی بەرپرسان، تاران شێوازێکی ئاڵۆز لەڕێڕەوی فڕین، مانۆڕو خێرایی جیاواز دەگرێتەبەر بەمەبەستی تێکدان‌و هەڵخەڵەتاندنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا.

موشەکی خەیبەرشکێن کە مەوداکەی لانیکەم 900 میلە، بوه‌تە یەکێک لەچەکە سەرەکیی‌و گرنگەکانی ناو کۆگای موشەکیی ئێران، بەوەی چەکێکی کەم خەرجی، خێراو وردە.

پسپۆڕانی سەربازیی ئاماژە بەوەدەکەن، بەپێچەوانەی موشەکە کۆنەکانەوە، ئەمجۆرە موشەکە بەسوتەمەنیی ڕەق کاردەکات‌و بەخێرایی لەسەر ئۆتۆمبێلەکان باردەکرێت بۆ ئەوەی لەچاوی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بشاردرێتەوە.

ئەوەش هاتوە، لەقۆناغی کۆتایی فڕینیدا، بەشە تەقێنەرەکەی جیادەبێتەوەو بەهاوکاریی بزوێنەرێکی بچوک‌و ئاراستەکردنی سەتەلایتی، دەتوانێت بەخێرایی 6000 میل لەکاتژمێرێکدا ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت‌و ئامانجەکەی بپێکێت.

بەرپرسانی ئەمریکی جەختدەکەنەوە، وێڕای خستنەخوارەوەی زۆربەی ئەم موشەکانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بەڵام هەندێکیان توانینیانە بەربەستە بەرگرییەکان ببڕن.

ئێران هاوكات لەگەڵ ئەم موشەکانەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خێراو موشەکی ئاساییش دەتەقێنێت بۆسەر هەمان ئامانج‌و تەنانەت ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانیشی کردوه‌تە ئامانج، ئەوەش مەترسییەکی گەورەتری بۆسەر سەربازانی ئەمریکی دروستکردوە.

لەوبارەیەوە، ژەنراڵی خانەنشینکراو جۆزێف ڤۆتێل ڕایگەیاند، ئەم تەکیتکانە دەریانخستوە ئێران چاودێریی دۆخەکە دەکات‌و ئەزمون‌و توانایەکی زۆری لەباری بێفڕۆکەوان‌و موشەکیدا کۆکردوه‌تەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئاڵۆزتر.