شارپرێس:
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەعێراق، سەرکەوتنی نوێی لەدۆسیەی لێکۆڵینەوە لەگەورەترین تۆڕی گەندەڵی وەزارەتی نەوت ڕاگەیاندو دەڵێت، سەركەوتوو بوین لەدەستگیركردنی گەندەڵكاراندا.
دادوەری لێکۆڵینەوە لەدادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ئاشکرایکرد، کە لەچوارچێوەی بەدواداچون بۆ دۆسیەی تۆمەتباری ڕاگیراو (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، توانراوە دەست بەسەر 27 ملیار دیناری عێراقیدا بگیرێت.
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوە لەدادگاکە ڕونیکردەوە، ئەم بڕە پارەیە لەئەنجامی گەڕان و بەدواداچونی ورد بۆ ئەو داهاتە نایاساییانە دۆزراوەتەوە کە لەپڕۆژە خەمڵێنراوەکانی تۆمەتبارو هاوکارانی بەدەستهاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد کە پارەکە لای چەند کەسێک شاردرابوەوەو لەئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەو کەسانەی لەحەشارگەی ئەم پارانەدا تێوەگلاون.
پێشتر هێزە ئەمنییەکان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایانگەیاندبوو کە دەستیان بەسەر زیاتر لە 100 ملیار دیناری کاش، دەیان ملیۆن دۆلار، بڕێکی زۆر زێڕ و چەندین موڵک و خانوی گرانبەهای جومەیلیدا گرتوە.
