شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد کە تاوەکو 25ی تەمموز ڕێگرییان لەتێپەڕبوونی 14 کەشتی کردوە، لەو ژمارەیەش دوو کەشتییان لەکار خستوە.
دەستەی ڕاگەیاندنی سێنتکۆم بڵاویکردوەتەوە، 12 کەشتییان لەگەروی هورمز ناچار بەگەڕاندنەوە کردوە کە هەوڵیانداوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تێپەڕێنن، هاوکات دوو کەشتییان لەکار خستوە کە پابەندی گەمارۆکە نەبون، هێزەکانیشیان چونەتە ناو دوو کەشتییەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی بەتەواوی پابەندن یاخود نا.
سێنتکۆم لەبارەی پشکنینی کەشتییەکان لەدەریای عەرەب وتی، "هێزەکانی ئەمریکا چونەتە سەر کەشتییەک لەدەریای عەرەبی کە ئاڵای کۆمۆرۆسی لەسەر بوە بۆ دڵنیابون لەپابەندبونی بەگەمارۆکەوە".
فەرماندەیییەکە لەبارەی تێکشکاندنی کەشتییەکی دیکە لەکەنداوی عومان دەڵێت، ڕۆژی 24ی تەمموزیش، کەشتییەکیان لەکەنداوی عومان لەکار خستوە کە ئاڵای مۆزەمبیقی لەسەر بوەو هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستوە.
لەڕۆژی 14ی ئەم مانگەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپێنراوەتەوەو واشنتۆن لەڕێگەی هێزەکانییەوە ڕێگری لەهاتن و چونی کەشتییەکان دەکات بۆ بەندەرەکانی ئێران.