گۆڕانکاری لەئامانجەکانی واشنتۆن؛ ئایا ترەمپ زەمینەسازیی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئێران دەکات؟

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر ڕوبەڕوبونەوە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئێراندا، ئاماژە شیکارییەکان لەناوەندە میدیاییە جیهانییەکان و لەسەرویانەوە ڕاپۆرتێکی تۆڕی CNN ئاشکرای دەکەن کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەقفی مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگەکە نزم کردۆتەوە، بەجۆرێک ئەم دابەزاندنەی ئامانجەکان وەک هەوڵێک بۆ داڕشتنی کۆتاییەکی سیاسیی دەبینرێت کە ترەمپ بتوانێت لە ناوخۆی ئەمریکادا وەک سەرکەوتن بەبازاڕی بکات.

 
شیکارییەکان دەڵێن؛ بەراوردکردنی وتارەکانی ئێستای واشنتۆن لەگەڵ مانگەکانی یەکەمی جەنگەکە وەرچەرخانێکی جەوهەریی نیشان دەدات، بەوپێیەی لە سەرەتادا داواکارییەکان لە دەوری ڕوخاندنی ڕژێمی تاران، تێکدانی تەواوەتی ژێرخانی موشەکی، و بڕینی هاوکاریی هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی ئێران دەسوڕایەوە. 

بەڵام لەدوایین لێدواندا، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز تەنها دوو سەرەکیترین ئامانجی دەستنیشان کرد، کە بریتیبوون لە دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی بەردەوامی نەوت و گاز بۆ ئابوریی جیهان لەڕێگەی کردنەوەی تەنگەی هورمزو هێشتنەوەی نرخەکان بە نزمی، لەگەڵ ڕێگریکردن لەدەستگەیشتنی ئێران بەچەکی ئەتۆمیی.

بەگوێرەی شیکارییەکان، هێنانی دۆسیەی وزە بۆ پێشەوەی داواکارییە ئەتۆمییەکان، گۆڕانکارییەکی دیارە، هەرچەندە کارۆلاین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە هەردوو ئامانجەکە لەلای ترەمپ هەمان گرنگییان هەیە، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کەمکردنەوەی فشارەکان بۆ ڕاگرتنی بەرزبونەوەی تێچوی ژیان لەئەمریکا هۆکاری سەرەکیی ئەم نەرمییەیە.

تەنانەت لەدۆسیەئەتۆمییەکانیشدا، ڕوانگەی ئیدارەی ئەمریکا گۆڕانی بەسەردا هاتوە.

دوای ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی مانگی حوزەیرانی 2025، ترەمپ ڕایگەیاند کە پێویست بەوەرگرتنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو ناکات، چونکە بەگوێرەی وتەی ئەو، زیانەکان ئەوەندە بەرفراوانن کە ماددەکان لە قووڵایی زەویدا نێژراون و دەکرێت لەڕێگەی چاودێری ئاسمانییەوە کۆنترۆڵ بكرێن، بەمەش ئێرانی وەک وڵاتێکی داماڵدراو لەچەکی ئەتۆمیی وەستف کرد.

ئەوەش هاتوە، پێشوەچونە سیاسییەکان بەدوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەحوزەیرانی 2026 بەرەو ئاراستەیەک دەچن کە تێیدا واشنتن واز ل ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بهێنێت.

هەروەک،  بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ باسیان لەوە کردوە ترامپ لەکۆبوونەوە نهێنییەکاندا پێشنیاری ئەوەی کردوە کە ئەمریکا دەتوانێت سەرکەوتن ڕابگەیەنێت، بەبێ ئەوەی ئیمزا لەسەر پەیماننامەیەکی گشتگیر بگرێت؛ بەمەرجێک گەرەنتی ئازادیی کەشتیوانیی لەتەنگەی هورمزو کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان بکرێت.

ئەم پاشەکشە وتارییە نیشانەی گەیشتنی واشنتۆنە بەو بڕوایەی کە ناچارکردنی تاران بۆ تەسلیمبوونی بێمەرج ئاسان نییە، و تەرکیزکردن لەسەر نرخەکانی وزە تەنها هەوڵێکە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سەرکەوتن پێش نزیکبونەوەی وادە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا.