شارپرێس:
هێزی دەریایی ئەمریکا تاووتوێی داڕشتنەوەی بەرفراوان بۆ کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکانی جۆری (فۆرد) دەکات، ئەمەش لەوەڵامی داواکارییەکانی دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە دەیەوێت کەشتییە جەنگییەکانی داهاتوو لەڕوی شێوەوە لەکەشتییەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دوەم بچن.
ئەم گۆڕانکارییانە گواستنەوەی کۆمەڵەی فەرماندەیی یان بورجی کۆنتڕۆڵکردن دەگرێتەوە کە بە"دورگە" ناسراوە بەرەو ناوەڕاستی کەشتییەکە، بڕیارێک کە شارەزایانو بەرپرسان هۆشدارییدەدەن لەوەی ڕەنگە ملیاران دۆلاری تێبچێتو یەکێک لەگەورەترین بەرنامەکانی دروستکردنی کەشتیی سەربازیی دوابخات.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی، هێزی دەریایی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری گواستنەوەی ئەم پێکهاتە بەرزەی سەر ڕوی کەشتییەکان دەکات لەشوێنی ئێستای لەنزیک دواوەی کەشتییەکەوە بۆ شوێنێکی پێشتر لەناوەڕاستیدا.
ئەم بورجە ناوەندی بەڕێوەبردنی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر کەشتییەکەیەو ناوەندی فەرماندەییو چاودێریی تێدایە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم هەنگاوە دوای تێبینییەکانی ترهمپ هاتوە، چونکە حەزدەکات کەشتییە نوێیەکان ڕوکاری کەشتییەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دوەمیان هەبێت.
هێزی دەریایی ئەمریکا خستویەتییەڕوو کە ئەم گرنگیدانەی سەرۆک بۆ شێوەی کەشتییەکان نوێ نییە؛ چونکە لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترهمپدا هەمان بیرۆکە لێکدراوەتەوەو ئەنجامەکەی ئەوەبوە کە گواستنەوەی دورگەکە تێچویەکی زەبەلاحی دەبێتو دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەورە لەبەرنامەکەدا.
بەرپرسێکی پێشوی ئەمریکی ڕونیکردوهتەوە کە توێژینەوەکە دەریخستوە تێچوو و کاتی پێویست زۆر زەبەلاح دەبن، جگەلەوەی شوێنی ئێستای بورجەکە ڕوبەری زیاتر بۆ فڕۆکەکان دابیندەکاتو پرۆسەی هەستانیان خێراتردەکاتو لەرەلەری هەوا لەکاتی نیشتنەوەدا کەمدەکاتەوە.
جگە لەمەش، ترهمپ یاداشتنامەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی دەرکردوەو تێیدا ڕێنمایی هێزی دەریایی کردوە پلانێک دابنێن بۆ گەڕانەوە بۆ سیستەمی هەڵدانی هەڵمیی کۆن لەداهاتودا، وەک جێگرەوەی سیستەمی هەڵدانی کارۆ موگناتیسیی هاوچەرخ کە لەکەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکانی جۆری فۆرددا بەکاردێت.
لەبەرامبەردا، کۆمپانیای "جهنەراڵ ئاتۆمیکس" کە گرێبەستێکی 1.2 ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی سیستەمە کارۆ موگناتیسییەکە هەبوە ڕایگەیاندوە، گۆڕینی ئاراستە دوای تەواوبونی نزیکەی 50%ی بەرهەمهێنان، مەترسی گەورە بۆسەر تێچوو، خشتەی کاتو تێکەڵکردنی سیستەمەکان دروستدەکات.
ویلایەتە یەکگرتوەکان پلان دادەنێت لەچوار دەیەی داهاتودا تا 10 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لەجۆری فۆرد دروستبکات کە تێچوی چاوەڕوانکراوی هەر یەکێکیان دەگاتە دەوروبەری 22 ملیار دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە دروستکردنی کەشتی (یو ئێن ئێن جێرالد ئار. فۆرد) بەهۆی دواکەوتنی پەیوەندیدار بەتەکنەلۆژیا نوێیەکانەوە 17 ساڵی خایاند.
هەروەها ترهمپ لەکانونی یەکەمی 2025 پڕۆژەی "ئەستۆڵی زێڕین"ی ئاشکراکرد بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی کەشتیی جەنگیی، لەچوارچێوەی ڕوانگەی بۆ نوێکردنەوەی هێزی دەریاییو گێڕانەوەی هەندێک لەتایبەتمەندییەکانی کەشتییە جەنگییە دێرینەکان.
