دەستەی پەخشی ئیسرائیل: کوێت ئامادەکاریی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی بەرفراوان لەگەڵ ئێران دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی  بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی کوێتی نزیک لە بازنەکانی دەسەڵات، کوێت خۆی بۆ سناریۆی هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوان لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات، ئەمەش لە سایەی هەڵکشانی گرژییە هەرێمییەکان و ئاماژەکانی ئامادەکاریی تاران و هاوپەیمانەکانی بۆ گواستنەوە لە قۆناغی بەرگرییەوە بۆ هێرشبەریی. 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە داواکارییە زێدەڕۆکان و لێدوانە توندڕەوەکانی بەرپرسانی ئێران و بەهێزبوونی هەژموونی ڕەوتە پەڕگیرەکان لەناو سەرکردایەتیی ئەو وڵاتەدا، دەریانخستووە تاران بەرەو ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەنگاو دەنێت.

لەم چوارچێوەیەدا، کوێت ڕاوێژکاریی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەستپێکردووە، لە کاتێکدا مەترسییەکان لە بەرفراوانبوونی بازنەی جەنگ زیاد دەکەن. 

ئەم هۆشدارییانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە ئاماژە بە بە بەرزبوونەوەی ئاستی جووڵەی ئێران و دارودەستەکانی لەناوچەکەدا دەکەن، لەوانەش هەوڵەکانی حزبوڵڵا بۆ پەکخستنی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل. 

میدیا نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە تاران ئامادەکاریی بۆ پەلاماردانی ناو خاکی نەیارەکانی دەکات، ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لە کوێت دروستکردووە کە بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە یەکێکە لە زەرەرمەندترین وڵاتانی ناوچەکە.