بازێک لەسعودییە بەنرخێکی خەیاڵیی فرۆشرا

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 377 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەزیادکردنێکی ئاشکرای ڕیاز بۆ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی باز لە ساڵی 2026، بازێک لە جۆری "مەسلوس جیر" بە بڕی 1.3 ملیۆن ڕیاڵی سعوودی (نزیکەی 346,667 دۆلار) فرۆشرا. بەمەش بووە گرانترین باز کە لەم ساڵەدا فرۆشرابێت و دووەم گرانترین باز لە مێژووی ئەم زیادکردنەدا.

 
ئەم ژمارە پێوانەییە لە حەوتەمین شەوی زیادکردنەکەدا تۆمارکرا کە لەلایەن "ناوەندی نیشتمانیی بازەکان" لە بارەگاکەی لە ناوچەی مەلھەم لە باکووری ڕیاز ڕێکخرابوو، بە بەشداریی کێڵگە پێشەنگەکانی جیهان.

لە هەمان شەودا، دوو بازی کێڵگەیەکی کەنەدی بە کۆی گشتیی 1.45 ملیۆن ڕیاڵ (386,667 دۆلار) فرۆشران. یەکەمیان کە بێچووە بازی "جیر پیور" بوو بە 150,000 ڕیاڵ (40,000 دۆلار) فرۆشرا دوای ئەوەی زیادکردنەکە لە 40,000 ڕیاڵەوە دەستی پێکرد.

دووەمیان کە بێچووە بازی "مەسلوس جیر" بوو، دوای ڕکابەرییەکی توند کە لە 200,000 ڕیاڵەوە دەستی پێکرد، نرخی کۆتایی گەیشتە 1.3 ملیۆن ڕیاڵ (346,667 دۆلار).

شەدید ڕەشیدی لە کۆمپانیای "نۆڤا فاکۆن" کە بازەکەی کڕیوە، لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی ناوەندەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم باڵندەیە زۆر دەگمەنە و باڵندە دەگمەنەکانیش نرخ و بەهایان بۆ دانانرێت.

جێی ئاماژەیە کە ژمارەی پێوانەیی مێژوویی زیادکردنەکە تا ئێستا بۆ بازێکی جۆری "مەسلوس جیر پیور بێچووی ئەڵترا وایت" ماوەتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە 1.75 ملیۆن ڕیاڵ (466,667 دۆلار) فرۆشرابوو. هەروەها بەرزترین نرخ لە ساڵی ڕابردوودا 1.2 ملیۆن ڕیاڵ (320,000 دۆلار) بوو بۆ بازێکی کێڵگەیەکی ئەمریکی.

ئەم زیادکردنە تا 25ی ئابی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، بە ئامادەبوونی بەرچاوی بازەوانان و ئارەزوومەندانی سعوودیە و وڵاتانی جیاوازی جیهان، لە شوێنێکدا کە کێبڕکێی بازرگانی و ڕێزگرتن لە کەلەپووری ڕەسەنی بازەوانی کۆدەکاتەوە.