شارپرێس:
دادگای تاوانەکانی دیمەشق سزای لەسێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد، کوڕی مامی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا دەرکرد.
لەدانیشتنێکی دادگای تاوانەکانی ژمارە چوار لەشاری دیمەشق، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ وەسیم ئەسەد دەرچوو. دادگاکە تۆمەتی کوشتن، رفاندن و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی خستە پاڵ کوڕی مامی بەشار ئەسەد.
دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر سەرجەم موڵکە گواستراوەو نەگواستراوەکانی وەسیم ئەسەددا بگیرێت و بخرێنە خزمەت گەنجینەی گشتیی وڵاتەوە.
لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، فەخرەدین عەریان، دادوەری دۆسیەکە ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە وەسیم ئەسەد و گروپە چەکدارییەکەی دەستیان هەبووە لەکوشتنی هاوڵاتییانی ناوچەی غوتای ڕۆژهەڵات.
ئەمە لەکاتێکدایە یەک هەفتە پێش ئێستا، هەمان دادگای تاوانەکان لەدیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەدو سزادانی هەشت بەرپرسی دیکەی ڕژێمی پێشوی سوریا دەرکرد.