موراد قه‌ره‌یلان به‌فه‌رمى گۆڕینى خه‌باتى چه‌كدارى ڕاگه‌یاند

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (پەکەکە) ڕایگەیاند، لەساڵی 1976 تاوەکو 2026 نزیکەی 27 هەزار ئەندامی پەکەکە ڕێکخراوەکەیان لەشەڕو ڕوبەڕوبونەوەکاندا شه‌هیدبون.


موراد قەرەيلان، لەلێدوانێکیدا بۆ میدیای پەکەکە ڕایگەیاند، بەگوێره‌ى تۆمارە فەرمییەکان 25 هەزار و 922 ئەندامی پەکەکە شه‌هیدبون، بەڵام بەهەژمارکردنی ئەوانەی لەتۆمارەکاندا نەنوسراون، ژمارەکە دەگاتە نزیکەی 27 هەزار کەس.

موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ناسنامەی 230 ئەندامیان ئاشکرا کرد کە خەڵکی سنوری ئامەد، وان، گەڤەر، جزیڕە و مێردین بون، لەڕۆژانی داهاتودا ناسنامەی 520 ئەندامی دیکەی خەڵکی باکوری کوردستان بڵاودەکەنەوە کە لەکاتی خۆیدا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە نەپەرژابوونە سەر ئاشکراکردنیان.

 وتیشی، لەپارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنداممان گیانیان لەدەستداوەو لەهەفتەو مانگەکانی داهاتوودا هەوڵ دەدەین ناسنامەی تەواوی شەهیدانمان بڵاوبکەینەوە.

دەربارەی گۆڕانکاری لەستراتیژی خەباتی رێکخراوەکەیان و پرۆسەی نوێی ئاشتی، قەرەیڵان جەختی کردەوە "لەقۆناغی شەڕی چەکدارییەوە دەپەڕینەوە بۆ قۆناغی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئێمە دەستبەرداری ستراتیژی شەڕی چەکداری بوین، بەڵام دەستبەرداری خەبات نەبوین" .

ڕونیشی کردەوە کە قۆناغى داهاتوو بریتی دەبێت لەگەشەپێدانی سادەی سیاسەتی دیموکراتی و رێکخستنی کۆمەڵایەتی.