له‌"دەریاچەی ئۆنتاریۆ"وە بۆ "دەریاچەی ئەمریکا".. لەناوخۆی ئەمریکادا ڕازیی نین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاکمی ویلایەتی نیویۆرک، کاتی هۆشول، ڕەتیکردۆتەوە ناوی "دەریاچەی ئەمریکا" بەکاربهێنێت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیار کرابوو لەڕێگەی فەرمانێکی جێبەجێکردنەوە بۆ گۆڕینی ناوی "دەریاچەی ئۆنتاریۆ" لەچوارچێوەی جەنگی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا، لەهەمان کاتدا سیاسییەکانی ویلایەتی ویسکۆنسێن گالتەیان بەم بڕیارە کرد لەڕێگەی پێشنیارکردنی گۆڕینی ناوی دەریاچەی میشیگن.


کاتی هۆشول لەسەکۆی ئێکس نووسیویەتی کە نیویۆرک بەو ناوەی ترەمپەوە بانگی ناکات و هەروەک ڕەخنەی لەجەنگە بازرگانییەکە گرت و ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەکان دەکات، هەروەها هۆشداری دا لەبەردەوامی ناڕەحەتییەکانی خێزانە ئەمریکییەکان. 

ئەم دەریاچەیە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدی و ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکی، و دەریاچە گەورەکان بەزەریای ئەتڵەسییەوە دەبەستێتەوە لەڕێگەی ڕێڕەوی دەریایی سانت لۆرەنس.

دوێنی  پێنجشەممە ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد بۆ گۆڕینی فەرمیی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ "دەریاچەی ئەمریکا" لەناوەڕاستی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و کەنەدا، و بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەم ناوە دەستبەجێ دەگۆڕن.

ئەم ناونانەی ترەمپ بوە هۆی دروستبونی شێوازی گالتەجاری لەنێوان سیاسییەکانی ویلایەتی ویسکۆنسێن. پارێزگاری ویسکۆنسێن، تۆنی ئیڤەرز، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ناوی "دەریاچەی میشیگن" دەگۆڕێت بۆ "دەریاچەی ویسکۆنسێن" بەنوسینی ناوەکە لەسەر ژێرپیاڵەیەکی کاغەزی مەکدۆناڵدز و ئیمزاکردنی، بەشێوەیەکی خۆش بەئاماژەدان بە بێمانایی بڕیارەکەی ترەمپ. 

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامی کۆنگرێس تۆنی وێد جەختی کردەوە کە ناوی دەریاچەی ویسکۆنسێن بیرۆکەیەکی باش دەستدەدات. ترەمپ بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لە گۆڕینی ناوی ئەم دەریاچەیە کردۆتەوە.