وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی بەپەلە بڵاودەکاتەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە ئەفسەرو پێشمەرگەکان و ڕایده‌گه‌یه‌نێت،  بەهیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەنێرن.


وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوەو ده‌ڵێت، "لەم رۆژانەدا بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوا لە ئەفسەران و پێشمەرگە دەکەن کە وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا و بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ بنێرن."

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە "بۆ پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان، ئەفسەر و پێشمەرگەکانی کوردستان لەم بابەتەدا زۆر هۆشیار بن و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەنێرن، بەتایبەت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."

هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە داوا لەسەرجەم پێشمەرگە و ئەفسەران دەکات کە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان و یەکە سەربازییەکانیان لە هەر مەترسییەک بپارێزن.