ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى توند له‌ئه‌مریكا ده‌كات..سێ مه‌رج داده‌نێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، تاران و مەسقەت لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی دەریایی کاتی لەگەروی هورمز رێککەوتون، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە کردنەوەی تەواوەتی گەروەکە پەیوەستە بەڕاگرتنی شەڕەکانی غەززە، لوبنان و سوریا لەلایەن ئەمریکاوە.


لیوا موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، گەیشتنی وڵاتەکەی و سوڵتاننشینی عومانی بەڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی کاتیی گواستنەوەی کەشتییەکان لەگەروی هورمز ڕاگەیاند.

رەزایی روونیکردەوە کە ئەم رێڕەوە بەناو ئاوە هەرێمییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و عوماندا تێپەڕ دەبێت و بەهاوبەشی لەلایەن هەردولاوە بەڕێوەدەبرێت، کە پڕۆسەی هاتوچۆی کەشتییەکان کۆنترۆڵ دەکەن.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمزی بەجێبەجێکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەستەوە. 
ڕاشیگەیاند، تێپەڕبونی کەشتییەکان لەم رێڕەوە کاتییەدا پەیوەستە بەوەی واشنتن تا چەند جددییە لەوەڵامدانەوەی داواکارییەکانی تاران، کە گرنگترینیان کۆتاییهێنانە بەشەڕی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەخاکی لوبنان و راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر سوریا.

موحسین رەزایی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلمەنار" ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی گەروی هورمز بەستراوەتەوە بەململانێیە ناوچەییەکان و جەختی لەبونی "کەلێنێکی قووڵی بێمتمانەیی" لەنێوان تاران و واشنتۆن کردەوە. 
وتیشی، پێویستە ئەمریکا جددییەتی خۆی لەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا بسەلمێنێت بەرلە هەر هەنگاوێکی دیکە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، رەزایی بارودۆخی ناوچەکەی وەک "زنجیرەیەکی بەیەکەوە بەستراو" وەسف کرد و رایگەیاند، هەر تێکچوونێکی ئاسایش لە هەر وڵاتێکدا کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت و تێچووی وەبەرهێنان زیاد دەکات و دەبێتە رێگر لەبەردەم گەشەپێداندا.