شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشوی دارایی عێراقی هەڵوەشاندەوهو ناوی خستە ناو لیستی چاودێریی تیرۆرەوە.
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە کە واشنتۆن بەفەرمی ڤیزای تەیف سامیی هەڵوەشاندوەتەوە.
دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بەفۆکس نیوزی ڕاگەیاند، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوە لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا بەشێوەیەکی شەرمەزارکەر خەڵاتی ئەو بیانییانەی دەکرد کە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەکەمان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لەسەردەمی ترەمپدا ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.
دهشڵێت، لەژێر سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەدا، هەرگیز رێگە نادرێت گومانلێکراوانی تیرۆر لەئەمریکا بمێننەوە یان بێنە ناو خاکەکەمان.
لهڕاپۆرتەکە ئهوهش ئاشكراكراوه، چەندین یاسادانەری دیاری کۆمارییەکان لەکۆنگرێسی ئەمریکا، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، پێشتر تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لەڕێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە بوەتە هۆی ئاسانکاریکردن بۆ پارەدارکردنی تیرۆر لەناوچەکەدا، و داوایان لەئیدارەی ترەمپ کردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.
ئەم گۆڕانکارییە لەهەڵوێستی واشنتۆن لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022دا و کاتێک تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بوو، ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا لەمەراسیمێکی فەرمیدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشی و بە ژنی ئاسنینی عێراق ناوی برد بەهۆی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن بوەتەوە لهداڕشتنی بودجەی عێراقدا.
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی واشنتن، لە ناوخۆی عێراقیشدا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ تەیف سامی دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حکوومییەکاندا؛ بەپێی زانیارییەکانیش، ناوبراو ئێستا لە دەرەوەی خاکی عێراق دەژی.