شارپرێس:
ئێران پلانێکی گشتگیری بۆ ماوەی ساڵێک ئامادە کردوە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیارانی لەگەڵ عێراق، بەشێوەیەک گەشتیاریی تەندروستی، بازرگانی و کولتوریش لەخۆبگرێت و لهگهڵ عێراق تاوتوێكراوهو گهیشتونهته قۆناغى كۆتایى.
ڕهزا ساڵحی ئەمیری، وەزیری کولتورو گەشتوگوزاری ئێران، دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ ماوەی یەک ساڵ ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی گەشتیارییە لەنێوان عێراق و ئێراندا، بەشێوەیەک بگاتە پێنج ملیۆن گەشتیار لەساڵێکدا بۆ هەر لایەک.
ساڵحی ئەمیری ڕونیشیکردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر بنەمای پێشنیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق داڕێژراوە، کە لەمیانی دوایین دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراندا خستبویەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕی گەشتیاران گونجاوە، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 3.6 ملیۆن گەشتیاری عێراقی سەردانی ئێران دەکەن، لەبەرامبەردا 3.5 ملیۆن گەشتیاری ئێرانی ڕوو لەعێراق دەکەن.
وەزیرەکەی ئێران دەڵێت، بەگوێرهى پلانە نوێیەکە، هەوڵەکان تەنیا لەسەر گەشتیاریی ئایینی چڕ نابنەوە، بەڵکو کار دەکرێت بۆ هەمەجۆرکردنی بوارەکانی گەشتکردن، لەوانەش پەرەپێدانی گەشتیاریی پزیشکی، گەشتوگوزاری کات بەسەربردن، بازاڕکردن، هاوکاریی کولتوری و ئەکادیمی لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا.
