ورده‌كارى سزا نوێكه‌ى ئه‌مریكا بۆ ئێران ئاشكراده‌كرێت..هۆشداریش به‌وڵاتان ده‌دات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بڕینی شادەماری ئابوری ئێران دەستپێکردو هۆشداری توند دەداتە ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی بەردەوامن لەمامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرایکرد، کە سورن لەسەر شکاندنی پشتی ئابووری ئێران و بۆ ئەم مەبەستەش سزاکانیان بەردەوام دەبێت، بەگوێره‌ى ئامارەکان، سزاکان سەدان کۆمپانیای ئێرانی دەگرێتەوە، کە تێیدا 469 کۆمپانیا بارەگایان لەوڵاتی چینەو 353 کۆمپانیای دیکەی ئێرانیش لەئیمارات کار دەکەن.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەلێدوانێکدا جەختی کردەوه‌، "بەڵێن دەدەین هەموو شادەمارە ئابورییە ماوەکانی تاران ببڕین و بەیەکجاری کۆتایی بەهەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بهێنین"، ئاماژەی بەوەش کرد، کە دورخستنەوەی ئابوری ئێران مەترسییەکانی سزاکانی بۆ سەر ئەو لایەنانە زیاتر کردووە کە هێشتا مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکەن.

بەگوێره‌ى زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، ئێران تۆڕە بانکییە سێبەرەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک و دابینکردنی دارایی بۆ بریکارەکانی لەناوچەکەدا بەکاردەهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا، سزای بەسەر کۆمپانیایەکدا لەهۆنگ کۆنگ سەپاندووە کە تۆمەتبارە بەسپیکردنەوەی پارە بۆ بەرژەوەندی ئێران.

ئەمریکا هۆشداری داوە کە سزای لاوەکی دەسەپێنێت بەسەر هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی کە ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئێران بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ توندکردنی گەمارۆکان و رێگریکردن لە هەر جۆرە دەرفەتێکی بازرگانی بۆ ئەو وڵاتە.