وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێ بۆ مۆڵەتی بێ موچە دەردەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێنمایی نوێی مۆڵەتی بێ موچەی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ماوەی مۆڵەتەکە لەپێنج ساڵەوە بوە بەدوو ساڵ و پێویستە فەرمانبەر هۆکاری پێویستی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەکە هەبێت و ئەو ماوەیەشی بەخزمەت بۆ هەژمار ناکرێت.


وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێنماییی داراییی ژمارە 5ی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بەڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی ئاساییی بێ موچە.

بەگوێرەی ڕێنمایییەکە، وەزیرو سەرۆکی ئەو فەرمانگانەی بەوەزارەتەوە بەستراو نین، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بێ موچەیان بەفەرمانبەران هەیە، هه‌روه‌ها ماوەی مۆڵەتەکە بەمەرجێک دەبێت کە لەدوو ساڵ تێپەڕ نەکات و پێویستە فەرمانبەر هۆکاری پێویستی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەکە هەبێت.

وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە ماوەی ئەم مۆڵەتە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت، پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینی هەژمار ناکرێت، جگه‌ له‌وه‌ش سەرجەم ڕێنمایییەکانی پێشوو کە لە ساڵانی 2015 تا 2022 دەرچوبون، بەگوێرەی ئەم بڕیارە نوێیە کارکردن پێیان ڕاگیراوە.

لەڕێنمایییەکەی وه‌زاره‌تی دارایی هاتووه‌، كه‌‌ ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتوە، تا تەواوبونی ماوەکەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بۆیان نوێ ناکرێتەوە.