کەناڵی ئەلجەزیرە-ی قەتەری لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، ئەمریکا حکومەتەکەی عەلی زەیدی خستووەتە بەردەم دوو بژاردە، یان چەک لەدەستی دەوڵەت بێت، یان سزای سەرتاسەریی حکومەتی عێراق دەدرێت.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرەدا هاتووە، ئەمریکا دوو پەیامی توندی بۆ زەیدی ناردووە، لە یەکەمیاندا داوایکردووە ئەو نمایشەی بەناوی کۆکردنەوە یان چەکدانانی گروپەکان دەیکات کۆتایی پێبهێنێت، وەک کەناڵەکە دەڵێت؛ ئەمریکییەکان وتویانە ئەو نمایشانە بەهای نییە لەلامان.
لەپەیامی دووەمیشدا کە ماوەیەک دوای پەیامی یەکەم نێردراوە، ئەمریکییەکان هەڕەشەی سەپاندنی سزای سەرتاسەرییان بەسەر حکومەتی عێراق کردووە، هاوشێوەی ئەوەی دوای داگیرکردنی کوەیت بەسەر ڕژێمی عێراقدا سەپێنرا، لەبەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکان دەیانەوێت بەناوی ڕێکخستنی چەکەوە کات بکڕنەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سورن لەسەر چەکدانان و نایانەوێت عێراق بکەوێتە بەر تووڕەیی ئەمریکا.