سێنتكۆم: پێشمەرگەو سوپای عێراق توانای ئەوەیان هەیە بەرەنگاری مەترسییەكان ببنەوە

کوردستان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم  ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ئێستا توانای تەواویان هەیە سەربەخۆیانە بەرەنگاری مەترسییەکان ببەنەوە. 


سێنتکۆم، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بەکشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەفەرمی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کۆتایی هات و پەیوەندیی نێوان واشنتۆن و بەغدا بۆ پەیوەندییەکی ئەمنیی دۆستانەی دوقۆڵی دەگوازرێتەوە.

ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکان لەعێراق لەئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوەوە دەستی پێکردبوو لەکۆتایی سێپتێمبەر بەتەواوەتی لەبنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتایی پێهات، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا لەئامادەییدا دەمێننەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەکی ئەگەری.

سێنتکۆم دەشڵێت، بارەگای سەرەکیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ ئوردن دەگوازرێتەوە، لەوێوە لەهاوکاریکردنی هێزە هاوبەشەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی داعش بەردەوام دەبن.

هاوكات، براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا کردوەو ڕایگەیاند، ئەرکەکانیان لەعێراق جێبەجێ کرد، داعش ئیتر مەترسییەکی گەورە نییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.