شارپرێس:
سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی زنجیرە هێرشەکانی
گروپه تیرۆریستیی داعش لەسنوری پارێزگای کەرکوک، دڵهڕاوکێیەکی قورسی لای لایەنە
ئەمنییەکان دروستکردوەو گرنگیی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان
هێناوەتەوە پێشەوە، بەرپرسانی سەربازیی هۆشداریدەدەن، بونی بۆشاییەکی ئەمنیی 170 کیلۆمەتری
لەنێوان سوپای عێراقو پێشمەرگەدا، باشترین دەروازەیە بۆ جوڵەی مەفرەزە گەڕۆکەکانی
داعش لەدۆڵو چیا سەختەکانی داقوقو حەویجەدا، پاش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان،
چاودێران جەختدەکەنەوە، بەبێ هاوئاهەنگیی مەیدانیو جێگیربونی هێزەکانی پێشمەرگە لەپاڵ
سوپادا، پەکخستنی تەواوەتیی شانە نوستوەکانی داعش لهناو ناوشارەکان مەحاڵ دەبێت.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەی (عالەم جەدید)،
مازن غەریب ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، جوڵەکانی
ئەمدواییەی داعش لەحەویجەو پردێ، پێویستیی بەپێداچونەوەی خێرای پلانە ئەمنیو هەواڵگرییەکان
هەیە.
ئهو پهرلهمانتاره وتویهتى، "درێژایی
بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزە فیدراڵییەکانو پێشمەرگە لەکەرکوک نزیکەی 170 کیلۆمەترە؛
ئەمەش ڕێڕهوێکی بەرفراوانە کە پێویستی بەپڕۆسەی پێشوەختەی هاوبەش هەیە، کۆتاییهاتنی
ئەرکی هاوپەیمانانیش، هێزە عێراقییەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەربەخۆی کۆکردنەوەی
زانیاریی ئاسمانیو پشتیوانیی تەکنیکی".
ڕۆژى پێنجی تشرینی یەکەم چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر
پێگەیەکی پۆلیسی فیدراڵی لەناوچەی بەراغلیەی سەر بەحەویجە، سهرهنجامیش بوە هۆی
کوژرانی کارمەندێکو برینداربونی چواری دیكه، ئهمه جگه لەشکاندنی کامێراكان، ئەمە
یەکەم هێرش بوو کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە پاش کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی ئەمریکا
لە30ى ئەیلولدا.
ههروهها ڕۆژى شهشى تشرینی یەکەم، هێرشێکی
دیكه کرایەسەر فەوجی دوو لەلایەنی حەشدی شەعبی (لیوای 61)، کە تێیدا تەنها سیستەمی
چاودێریی گەرمی تێکشکێندرا بەبێ زیانی مرۆیی، هاوكات ڕۆژى 10ى ئهم مانگهش هێرشی
سێیەمو پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگوندی بەراغلیە ڕویدا، کاتێک هێزە ئەمنییەکان پڕۆسەی
گەمارۆدانو پشکنینیان بۆ گوندەکانی بەراغلیەو دەناپیش دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد پۆلیسی
فیدراڵی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە (لەشهشى ئێوارە تاشهشى بەیانی) بەسەر پێنج گوندی
قاتعی دەناپیشدا بسەپێنێت.
وەفا محەمەد كادیرى پێشكهوتوى پارتی دیموکراتی
کوردستان لهو ڕاپۆرتهدا قسهیكردوهو ئاماژەى بهوهكردوه، "بۆشاییە ئەمنییەکانی
نێوان سوپاو پێشمەرگە لەهەندێک شوێنی داقوق، دوبزو حەویجە دەگاتە 25 کیلۆمەتر؛ کە
ناوچەی زۆر چڕو سهختیشیان پێدایه، دەبێت جیاکاریی لەنێوان دوو جۆر مەترسیدا بکرێت".
سهرچاوهكانیش ئاماژهیان بهوهكردوه،
گروپى چەکدارى بچوک کە لەچیاو دۆڵە سەختەکاندا خۆیان دەشارنەوە، پێویستى بههاوكاریى
پێشمەرگە ههیه بەهۆی شارەزایی لەجوگرافیای ناوچەکە، لەپاڵ سوپای عێراقدا بۆ ئهوهى
پهلهبكرێت له لهناوبردنى داعش.
جەبار یاوەر ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە
لهوبارهیهوه قسهیكردوهو جەختیكردوهتهوه، لەناوچونی خەلافەتەکەی داعش لە2017دا
بەواتای کۆتاییهاتنی تەواوەتی فیکری ڕێکخراوەکە نایەت، داعش لەئێستادا توانای گرتنی
زەمینیو کۆنترۆڵکردنی شارەکانی نەماوە، بەڵام دەیەوێت لەڕێگەی تێکچونی هاوسەنگیی
سیاسییو ململانێی نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کەرکوک، هاوشان لەگەڵ بەکارهێنانی
ڕیکلامی فراوان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وا پیشانبدات کە هێشتا بونی هەیە.
ئهو ناوچانهى باسكراون كه پێشمهرگه جوڵهى بۆ
بكات، ناوچهكانى دهرهوهى ئیدارهى ههرێمنو بهناوچهى ههستیارى نێوان ههرێمى
كوردستانو حكومهتى عێراق دادهنرێنو بهگوێرهى مادهى 140ى دهستورى عێراقیش
دهبوو ئهو ناوچانه بهسێ قۆناغ چارهسهر بكرانایه، بهڵام تائێستا نهكراوه.
