ناوی کاندیدەکانی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکومەتی عەلی زەیدی ئاشکرا کران

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوی ژمارەیەک لە کاندیدەکانی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکانی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکرا کردووە کە لە نێوان کوتلە و هێزە سیاسییە جیاوازەکان دابەش کراون. 

ئاماژەی بەوەکردووە کە چاوەڕوانی دەکرێت دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان بەپێی کاتی پێشنیارکراوی سەرۆک وەزیران بەڕێوەبچێت.

بەپێی قسەی سەرچاوەکە لیستی کاندیدەکان سەفا کەنانی بۆ وەزارەتی لاوان و وەرزش لە رەوتی حیکمە؛ محەممەد ساڵح دەراجی بۆ وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد یان وەزارەتێکی نوێی هاوتا، لە هاوپەیمانی خەدەمات؛ و عەلی دەخیلی بۆ وەزارەتی گەشتوگوزار لەخۆدەگرێت.

ئەوەش هاتووە: کوتلەی سادقون محەممەد موسەوی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پێشنیار کردووە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوو کاندیدی خستۆتەڕوو؛ یاسر مالکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەها بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاشکراشی کردووە کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕێباز حەملان بۆ وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوه‌دانکردنەوە پێشنیار کردووە.

لە بەشی هێزە سیاسییە سوننەکاندا، محەممەد تەمیم بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، نایف شەممەری بۆ وەزارەتی بەرگری، محەممەد عەلی نەعیمی بۆ وەزارەتی پلاندانان و زەید عەلی بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی ناویان هاتووە.

سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە لیستەکە هێشتا دەکرێت تا دوا سات پێش دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بگۆڕدرێت، هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد کە دیدارە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی جێگرانی سەرۆک وەزیران ئەمرۆ چوارشەممە تەواو ببن، بە ئاراستەی دەنگدان لەسەر وەزیرەکان و جێگرانی سەرۆک وەزیران وەک یەک پەکێج.