فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران: ئەگەر ئەمریکییەکان ئازان با لەگەروی هورمز نزیک ببنەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی عەزمانی، ئەدمیرال و فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، تەحەددای ئەمریکاییەکانی کردووە با نزیک ببنەوە لە گەرووی هورمز ئەگەر پێیان وایە گەرووەکە کراوەیە، هەروەک هۆشداریی داوە کە هێزە دەریایییەکانی ئێران چاوەڕێی نزیکبوونەوەی کەشتییە ئەمریکییەکانن بۆ نوقومکردنیان.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میهر، عەزمایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا وتوویەتی، کەشتییە ئەمریکییەکە کە بەهایەکەی 13 ملیار دۆلارە، لە گەرووی هورمزەوە 700 کیلۆمەتر دوور کەوتۆتەوە، چونکە بوێریی نزیکبوونەوەی نییە.

هەروەک جەختی کردۆتەوە کە چاوەڕێی نزیکبوونەوەی کەشتییە ئەمریکییەکانن لە دەروازەی گەرووی هورمز بۆ نوقومکردنیان، بەوتەی ئەو ڕۆژەکان دەژمێرن تا ئەوە ڕووبدات.

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە کە ئێران دەتوانێت لەگەڵ دراوسێ موسڵمانەکانی، ئاسایشی ئابووریی و سیاسیی و سەربازیی دابین بکات و پێویستی بە ئەمریکا نییە.  پێشیوایە کە ئەمریکا بەدوای تاڵانکردنی سامانەکانی گەلانی ناوچەکەدایە و پرسیاری کردووە، ئەگەر واشنتۆن پێویستی بە گەرووی هورمز و نەوتی کەنداوی فارس نییە، بۆچی هێشتا هێزەکانی لە ناوچەکەدا ئامادەن.

عەزمایی لە کۆتاییدا وتوویەتی، ئێران لە بواری کەرەستە و تەکنیکەوە نوێتر بۆتەوە و لاوازییە تاکتیکییەکانی گۆڕیوە بۆ خاڵی بەهێز؛ بە بۆچوونی ئەو، جەنگاوەرانی ئێستا ئامادەترن لە ڕابردوو.