شارپرێس:
کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور، سەردانی پێشانگایەکی جلوبەرگو پێڵاوی کرد، لەنوێترین دەرکەوتنیدا، دوای ئەوەی چەندین ڕۆژنامەی ڕۆژئاوایی هەواڵی نائاساییان لەبارەی تەندروستییەکەی بڵاوکردەوەو ڕایانگهیاندبوو، توشی خوێنبەربونی مێشک بوهو مردوە.
ڕاگەیاندنەکانی کۆریای باکور، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند کە کیم لەگەڵ کچەکەی کیم جۆ ئایو هاوسەرەکەی ڕی سۆل جو، سەردانی پێشانگهکەی کردوەو ستایشی پێشکەوتنەکانی كردوه، لەچوارچێوەی سیاسەتی گەشەپێدانی ناوچەیی.
بهگوێرهى ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکور، کیم ڕەزامەندیی خۆی لەپێشکەوتنی "خێراو بەرچاو"ی بەرهەمە پیشاندراوەکان دەربڕیوە.
پێشانگاکە زیاتر لە70 ههزارو 700 پارچە جل لەزیاتر لە 30 جۆر، هەروەک زیاتر لە170 ههزار جوت پێڵاو لەزیاتر لە 60 جۆری لەخۆگرتبوو کە لەکارگەکانی پیشەسازیی سوکی ناوچە جیاوازەکانی وڵاتهكه بەرهەمهێنرابون.
کیم وتویەتی، ئەم بەرهەمانە بەڵگەیەکن بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی پارتەکەیان، کە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لەنێوان ناوچە ناوەندییەکانو ناوچەکانی دیکە، هەروەک لەنێوان شارو گوندەکانو گەشەپێدانی هاوسەنگی سەرتاسەری وڵاتە.
کیم لەساڵی 2024دا سیاسەتێکی ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی کارگە مۆدێرنەکان لە20 شارو شارۆچکە هەموو ساڵێک بۆ ماوەی 10 ساڵ، بەمەبەستی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی ناوچەکان.
دەرکەوتنی کیم لەکاتێکدایە کە چەندین میدیای بەریتانی بانگەشەیان بڵاوکردەوە کە بارودۆخی تەندروستییەکەی مەترسیدارەو بەشێوەیەکی بەپەلە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لەپەکین.
ڕۆژنامەی "سەن"ی بەریتانیا بانگەشەی ئەوەی بڵاوکردەوە، کیم توشی خوێنبەربونی مێشک بوەو کەوتوهتە کۆماو پزیشکانی چینیش نەیانتوانیوە ڕزگاری بکەن.
هەروەها هەواڵی مردنیو گەڕاندنەوەی نهێنیی تەرمی بۆ کۆریای باکورو ناردنی نزیکەی نۆ سەربازی چینی بۆ پیۆنگیانگ، بەمەبەستی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کچەکەی، بڵاوکرایەوە.
