شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریكا ڕایگەیاند،" پێویستە ئەمریکا دەست لەزۆرداری و دەستدرێژییەکانی هەڵبگرێت كەئەوە تاكە مەرجی ئێرانە بۆ دەستپێ:ردنەوەی گفتوگۆكان''.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی هەناردەکردنی وڵاتەکەیدا وتارێکی پێشکێشکردو ڕایگەیاند،''بەدوای جەنگەوە نین، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناچینە ژێرباری زۆرەملێ و زۆرداری''.
بەوتەی مەسعود پزیشکیان، دۆخی نەجەنگ، نەئاشتی خراپترین دۆخە تاوەکو ئێستا وڵاتەکەی تێیکەوتوەو ڕاشیگەیاند،''ئەوەش نە لەبەرژەوەندیی ئێمەیە، نە لەبەرژەوەندیی ئەمریکا''.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەکوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوی وڵاتەکەی کرد، لەهێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلداو وتی، ئێران ویستویەتی لەرێگەی دیالۆگەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئەمریکا لەوەڵامدا رێبەرەکەیانی کوشت.
مەسعود پزیشکیان ڕەتی ناکاتەوە وڵاتەکەی بەدوای دانوستاندنەوەیە و دەڵێت،''دەبێ ئەمریکا دان بەمافەکانی گەلی ئێمەدا بنێت، دەست لەزۆرداری و دەستدرێژییەکانی هەڵبگرێ، ئەو کاتە دەتوانین لەتەنیشت یەکدی دابنیشین و بەئاسانی گفتوگۆ بکەین''.
''ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان کەمیکردووە''
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد، بەر لە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی، 75٪ـی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە رێگەی دەریاوە بوو، ''بەڵام ئێستا دایانخستووە و رێگەمان پێ نادەن''.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، شوێنگرەوەیان بۆ رێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستەبەر کردووە و گوتی: ''ئێستا تەنیا 25٪ دوا کەوتووین، سەرەڕای هەموو ئەو سزایانەی کە هەن، کەمکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە 75٪ـەوە بۆ 25٪ دابەزیوە و 50٪ەکەی دیکە قەرەبوو کراوەتەوە.
لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکادا نابێ هیچ وڵاتێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت لەگەڵ ئێران، ئەگەرنا سزاکان ئەوانیش دەگرێتەوە. سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد،''واشنتن گوشار بۆ وڵاتان دەهێنێت کە رێگەی زەوینیشمان لێ دابخرێ و لەگەڵ ئێمە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان نەمێنێت''.
وەک پزیشکیان دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی دراوسێیان توانای ئەوەیان نییە لەبەرامبەر ئەمریکادا بوەستنەوە، بەڵام خەریکە هاوکاریی ئێران دەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان بەردەوامە.
