دادگای سلێمانی ڕونکردنەوە دەدات: هیچ بەربەستێک نییە لەبەردەم هاوڵاتیانی عێراق شوقە و خانویان بەناوەوە بکرێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی ڕونکردنەوە لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەخاوەندارێتیکردنی شوقە و خانوبەرەی بەناوی هاوڵاتییانی عەرەب و بیانییەوە دەدات و دەڵێت، ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتوە.

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڕیاری ژمارە 57/ک/2026 لە 2026/10/21 دەرکردوە، کە بوەتە باس و خواسی ڕاگەیاندنەکان و لێکدانەوەی جیاوازی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەجۆرێک پێچەوانەی یاسا و هەتا مەنتوقی بڕیاری ئاماژەبۆکراویشە ".

دادگای سلێمانی ڕونیکردەوە، ئەو بڕیارە تەنها لە مەنتوقەکەیدا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لەخۆدەگرێت و ئەو بڕیارەش پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتوە و هیچ بەڵگەیەک (حوجییەتێک) پێک ناهێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتی لەخۆگرتوە کە بە یەکلاکەرەوە دانانرێت هەتاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرنەگرێت، لەکاتێکدا بڕیارەکە تەنها بڕیارێکی کارگێڕی هەڵوەشاندوەتەوە لە ڕوی تایبەتمەندێتیی (اختصاص)ەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، بابەتی خاوەندارێتیی خانوبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق، دەستور پاشان یاسا تایبەتەکان و لە پێشیانەوە یاسای تۆمارکردنی خانوبەرە ڕێکیخستوە، هیچ بەربەستێکی یاساییان تێدا نییە ڕێگر بێت لەبەردەم هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق کە خاوەندارێتیی یاساییان هەبێت بۆ شوقە و خانوبەرە.

 دادگای سلێمانی لەڕونکردنەوەکەیدا راشیگەیاندوە، بەپێی دەستوری عێراقیی بەرکار هاوڵاتیان یەکسانن لە ماف و ئەرکدا بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی و تائیفی و ناوچەگەرێتی، بەوەش ناکرێت هەر کەسە و لای خۆیەوە ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی دادوەری بکات کە پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتوە و گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بکات کە ئەو بڕیارە تاوتوێی کردوە.