ئۆکرانیا بەسەدان درۆن هێرشیکردەسەر مۆسکۆو ڕوسیاش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سێرگی سۆبیانین شارەوانی مۆسکۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، 630 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەشەودا بەئاراستەی پایتەختی ڕوسیا دەڕۆیشتن، بەڵام سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی زۆربەیانی خستەخوارەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئەنجامی هێرشەکەدا، دوکەس لەناوچەیەک لەدەرەوەی شار برینداربون.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سۆبیانین لەڕێگەی تێلەگرامەوە ئەم زانیارییەی بڵاوکردەوە، بەبێئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی قەبارەی زیانەکان یان شوێنە ئامانجگیراوەکان بخاتەڕوو.

ئەم هێرشە لەکاتێکدا ڕودەدات کە هێرشە ئاسمانییە دولایەنەکانی ڕوسیاو ئۆکرانیا چڕتربوه‌تەوەو مەودای ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتربوه‌تەوە.

لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا ناوەندە لۆجستییەکان، کۆگاکان‌و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی سەر بەهێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایان کردوه‌تە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لەبەیاننامەیەکدا وتویەتی، "شەوی ڕابردوو، هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا هێرشێکی چڕیان بەچەکی وشکانی وردپێک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئەنجامداو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئۆکرانیایان کردە ئامانج؛ ئەو دامەزراوانەی بەشداریی لەبەرهەمهێنان‌و هەڵگرتنی موشەکە کروزەکان‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ناوەندڕەوان‌و دورمەوداکاندا دەکەن".

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ژێرخانی گواستنەوە لەشاری کییڤ، ژێرخانی بەندەرەکان لەپارێزگای ئۆدێساو کەشتییە دەریاییە بەکارهاتوەکان بۆ خزمەتکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیاش کرانە ئامانج.