شارپرێس:
کۆشکی سپی پێداچونەوە بەبژاردە سیاسییو سەربازییەکانی تایبەت بەدەستپێکردنەوەی هێرشە قورسەکان بۆسەر ئێران دەکات، ئەمەش پاش پشتڕاستکردنەوەی ئامادەیی تەواوی سوپای ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان تەنها لەماوەی 96 کاتژمێردا لەپاش دەرچونی فەرمانی سەرۆکایەتی، ئەم پلانە کتوپڕە هاوکاتە لەگەڵ بونی بیروڕای جیاواز لەناو ئیدارەی ئەمریکادا لەسەر قەبارەی هێرشەکانو دەرەنجامە ویستراوەکانی، لەپاڵ کاریگەریی هەر پێکدادانێکی نوێ لەسەر هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس کە بڕیارە لە3ى مانگى داهاتوو (مانگى 11) بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەکۆشکی سپی ئاشکرایکردوە، گفتوگۆکان لەسەر سێ ڕێڕەوی سەرەکی چڕبونەتەوە؛ بەردەوامیی گەمارۆ توندەکان، بەخشینی دەرفەتی زیاتر بەپهیوەندییە دیپلۆماسییەکانو واژۆکردنی فەرمانی هێرشی سەربازیی نوێ ئەگەر سەرۆک بگاتە ئەو قەناعەتەی ڕێکارەکانی ئێستا بێسودبون.
دهشڵێت، "کێشەی سەرەکی لەسەر مەرجەکانی پێش دەستپێکردنی هێرشەکەیە، بەتایبەت گەرەنتییەکانی تایبەت بەپڕۆگرامی ئهتۆمیى، ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمزو ئامادەیی تاران بۆ پێشکەشکردنی بەڵێنی چاودێریکراو".
ههر لهو ڕوهشهوه سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنوسینگەی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسیى ڕایگەیاندوە، مۆڵەتی 96 کاتژمێرەکە تەنها نیشانەی بەرزترین ئاستی ئامادەیی هێزەکانە نەک دیاریکردنی کاتێکی جێگیر بۆ بۆردومانو دهستپێكردنهوهى جهنگ.
ئهوهشى ڕونكردوهتهوه، "هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان تیشکدەخەنەسەر توانای هێزە بڵاوکراوەکان بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمریکاو دۆستەکانی، بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان ئەگەر شەڕەکە لەکاتی چاوڕوانکراو درێژترببێتەوە، ئەم حساباتانە بایەخی زیاتریان بەدەستهێناوه پاش دەرچونی نامەیەکی هەواڵگریی ئەمریکا لە 23ی ئۆکتۆبەردا کە هۆشداریی لەپەرەسەندنی مهترسییەکان دژ بەئەمریکییەکان دابوو، هاوکاتبوو لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی دیپلۆماسی لەهەندێک وڵاتی ناوچەکەدا".
براندۆن ویشێرت پسپۆڕی ستراتیژیی ئەمریکی پێیوایە، ئامادەیی سەربازیی، خاڵی هێز دەداتە دەست ترەمپ لەکاتی گفتوگۆکاندا، بەڵام هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس وادەکەن نرخی سوتەمەنیو تێچوی دارایی شەڕ ببنە مەرجی سەرەکی لەبڕیارەکانی ئیدارەکەدا، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبونەوەی ڕەخنەی دەنگدەران لەکاریگەریی کێشمەکێشەکان لەسەر ئابوریی ئەمریکا".
لایەنگرانی هێرشی خێرا پێیانوایە، بۆردومانی سنوردار کات دەداتە ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی تواناکانی، لەکاتێکدا لایەنە ئارامهكان دەترسن شەڕەکە بەبێ گەرەنتیی چارەسەری سیاسیى تەشەنە بسەنێتو بگاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، ئەم پێشهاتانەش هاوکاتن لەگەڵ گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی خێرای بۆردومانەکە، بەڵام ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان پشتڕاستیدەکەنەوە، واشنتۆن داوای دواخستنی هەر هێرشێکی هاوبەشی کردوە تائەوکاتەی بڕیاری کۆتایی خۆی یەکلادەکاتەوە.
