کەشناسیی جیهانیی هۆشداریی لەخراپبونی دۆخی قەتیسبونی گەرمیی لەبەرگەوای زەویی دەدات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی جیهانیی کەشناسی لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ سێشەممە بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاند کە ئاستی ئەو گازانەی هۆکاری قەتیسبوونی گەرمیین لە کەشی زەویدا، لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە ئاستێکی مێژوویی و بێوێنە؛ ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گەرمیی زەوی و توندتر بوونەوەی دیاردە کەشوهەواییە توندەکان.

 
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوەندی جیهانیی چڕیی گازی دووئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەوادا لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە 426.8 بەش لە ملیۆنێک، واتە نزیکەی 153%ی ئاستی پێش سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی لە ساڵی 1750. ئەم ئاستە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، 2.8 بەش لە ملیۆنێک زیادی کردووە؛ زیادبوونێک کە لە ناوەندی زیادبوونی ساڵانەی دەیەی ڕابردوو زیاترە.

چڕیی دوو گازی دیکەی هۆکاری قەتیسبوونی گەرمی، واتە میسان و ئۆکسیدی نایتڕۆس، لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە ئاستی ڕیکۆرد و بە ڕیزبەندی 267% و 126%ی ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازی بووە. ڕاپۆرتەکە بڕی ئەو گازانەی لە بەرگەهەوادا کۆبوونەتەوە پێوانە دەکات، نەک تەنیا ئەو بڕەی کە ساڵانە تازە دەردەچێت.

ڕێکخراوی جیهانیی کەشناسی ئەم دەرئەنجامانە لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئانتالیا، لە مانگی نۆڤەمبەردا، پێشکەشی دانووستانکاران دەکات. ڕێکخراوەکە هۆشداریی داوە کە بەهێزبوونی دیاردەی "ئەل نینیۆ" دەتوانێت چڕیی ئەم گازانە لە ساڵی ئێستادا زیاتر بەرز بکاتەوە.

لە م ساڵدا، بەشە جیاوازەکانی جیهان، لەوانەش ئەورووپا، گەرمایەکی توندی هاوینیان ئەزموون کردووە؛ لە کاتێکدا لافاوێکی وێرانکەر لە ئاسیا و ناوچەکانی دیکە ڕووی داوە.

ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات چڕیی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەم ساڵدا زیاتر بەرز ببێتەوە، بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە بەبەردبووەکان و دەستپێکردنی دیاردەی بەهێزی ئەل نینیۆ، کە دەبێتە هۆی وشک‌تر بوونی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی توانای سەرچاوەکانی هەڵمژینی کاربۆن بۆ هەڵمژینی ئەو گازانە.