پلانی ڕۆژی قیامەت.. پنتاگۆن خۆی بۆ سێیەم جەنگی جیهانیی ئامادە دەکات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 777 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) پلانی بەرگرییەکی فراوان ئامادە دەکات کە ڕاگەیاندنە ئەمریکییەکان ناویان ناوە "پلانی ڕۆژی قیامەت"، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتی دەستپێکردنی شەڕێکی جیهانیی فراواندا؛ شەڕێک کە رەنگە سەربکێشێت بۆ داڕمانی تۆڕەکانی کارەبا، تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن و لەکارکەوتنی ژێرخانە گرنگەکانی ناو ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "فوکس نیوز"، ئەم پلانە بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی سەربازیی بە ناوی "فۆرتراس"، کە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی بنکە سەربازییە سەرەکییەکانی ناو خاکی ئەمریکا بتوانن بۆ ماوەی لانیکەم 90 ڕۆژ بەبێ پشتبەستن بە خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان یان دابینکردنی دەرەکیی، کارە سەرەکییەکانیان بەردەوام بکەن.

پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریكا، لە 30ی ئەیلوولی ڕابردوودا دەستپێشخەرییەکەی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر بەڵگەنامەکانی دەستی تۆڕەکە کەوتن و وردەکاریی زیاتر دەربارەی پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکەیان ئاشکرا کرد. ئەمەش لە چوارچێوەی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ئامادەکارییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ قەیران و شەڕە درێژخایەنەکاندا دێت.

پلانەکە پشت بە سەربەخۆکردنی دامەزراوە سەربازییەکان دەبەستێت، بە تایبەتی لە بواری کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و پەیوەندییەکاندا. لە ڕێکارە پێشنیارکراوەکانیشدا بەکارهێنانی ڕیاکتۆری ناوەکیی بچووک و گواستنەوەپێکراو، سیستەمی گەورەی پاشەکەوتکردنی وزە بە باتری و تۆڕی کارەبای بچووک هەیە، کە دەتوانێت بنکەکان لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبا جیا بکاتەوە.

شۆن بارنێل، وتەبێژی پێنتاگۆن، بە "فوکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە پشتبەستن بە ژێرخانە مەدەنییەکان بۆ کارپێکردنی سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، مەترسییەکی قبوڵنەکراوە. بە گوتەی ئەو، کارەبا بۆتە توخمێکی سەرەکیی توانای جەنگی، چونکە پچڕانی کارەبا پەیوەندییەکان، دابینکردن، هێڵەکانی بەرهەمهێنان و تەنانەت سیستەمی فەرماندەیی سەربازیش لەکار دەخات.

 

پلانەکە هەروەک دابینکردنی وزە، دروستکردنی کۆگای ستراتیژیی بۆ چەک و تەقەمەنی، سووتەمەنی، کانزا بنەڕەتییەکان، پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان، پارچەی یەدەگ و پێداویستییە پزیشکییەکانیش دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی تێکچوونی ڕێگاکانی دابینکردنی نێودەوڵەتیدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوام بن.

هەروەک ئامانجی ئەوەیە لانیکەم دوو دابینکەری گونجاو بۆ پێداویستییە بەرگرییە گرنگەکان دیاری بکرێن، بۆ ڕێگریکردن لە پشتبەستن بە یەک دابینکەر.

 

کەرتی پیشەسازییش یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی پلانەکە. پێنتاگۆن دەیەوێت کارگە مەدەنییەکان بۆ بەرهەمهێنانی سەربازیی ئامادە بکات، لە ڕێگەی دیاریکردنی توانای تەکنیکییان و ڕێکخستنی گرێبەست و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و گۆڕینی هێڵەکانی بەرهەمهێنان. هەروەک تاقیکردنەوەی بەردەوام بۆ پێوانەکردنی توانای بەرگەگرتنی کارگەکان و تۆڕەکانی دابینکردن لە قەیرانی درێژخایەندا ئەنجام دەدرێت.

 

لە بواری تەکنەلۆژیادا، پلانەکە گرنگی بە پاراستنی سیستەمەکانی پەیوەندیی، ڕێنیشاندانی کەشتیی و فڕۆکە و مانگە دەستکردەکان لە شێواندنی ئەلیکترۆنی و هێرشە سایبەرییەکان دەدات، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان تەنانەت لە کاتی لەکارخستنی سیستەمی جیهانیی دیاریکردنی شوێن "جی پی ئێس"یشدا بەردەوام بن.

بارنێل پێشبینیی کردووە شەڕێکی جیهانیی داهاتوو لە چەندین بەرەدا بەرپا بێت، کە تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردنی نێودەوڵەتی دەکاتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان.