شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەک کە لە ئاگادارییەکانی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکایە، ئەمرۆ چوارشەممەی ڕایگەیاندووە کە نێوەندگیرە قەتەرییەکان ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو پڕۆژەڕێ ککەوتنێکی نوێیان پێشکەش بە ئێران کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، تاران ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەی پڕۆژەکەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی بداتەوە.
پڕۆژەکە خشتەیەکی کاتیی 7 ڕۆژە لەخۆدەگرێت، کە ئامانجی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی تاران و واشنتۆنە. هەروەک، هەنگاوی ڕۆژانەی درووستکردنی متمانە لەخۆدەگرێت کە هەردوو لایەن پابەند دەبن جێبەجێیان بکەن.
هەروەک، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی CNN، پێنتاگۆن خەرجییەکانی جەنگی ئەمریکا دژی ئێرانی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ئاشکرا کردووە، کە بەپێی دوا هەڵسەنگاندنەکان، خەرجییەکان گەیشتوونەتە 45.1 ملیار دۆلار.
ئەوەش هاتووە: ئەمریکا لە ماوەی 6 هەفتەی ڕابردوودا 2 ملیار دۆلاری دیکەی لە پێناو جەنگەکەدا خەرج کردووە. دوا ڕاپۆرتی نهێنینەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کە بە تازەیی پێشکەشی یاسادانەران کراوە، وردەکاریی خەرجییەکان بە پێی لقە جیاوازەکانی سوپا دەخاتەڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا 7.6 ملیار دۆلار، سوپا 2.1 ملیار دۆلار و هێزی دەریایی 1.45 ملیار دۆلاریان خەرج کردووە. هەروەک، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بەتایبەتی لە بەشی گواستنەوەی ئاسمانیدا، 645 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە.