شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی ڕادەگەیەنێت، فرۆشتنی دەرمان بەشێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیەو ڕێککاری توند دەگیرێتەبەر بەرامبەر هەرکەسێک کە ئەم کارە بکات.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، هۆشداریتان پێدەدەین کە کڕین و فرۆشتنی دەرمان بەهەموو شێوەیەک بەشێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە تکایە خۆتان بەدوربگرن لەم جۆرە دەرمانانە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كەئەم کارە بەتەواوی نایاساییەو ڕێککاری توندی یاسایی لەبەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە هەستێت بەئەنجامدانی و دەرمان بەنایاسایی بفرۆشرێت.
وەزارەتی تەندروستی جەختیش دەكاتەوە، كەهاوڵاتیان پێویستە لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆتان و خێزانەکانتان خۆیان لەكڕینی دەرمانی ئۆنلاین بەدوربگرن و دەڵێت، داواتان لێدەکەین بەهیچ شێوەیەک پشت بەم ڕیکلام و پلاتفۆرمە نامتمانەییانە نەبەستن و دەرمان بەئۆنڵاین مەکڕن، جگەلە دەرمانخانە هیچ شوێنێکی تر بۆی نیە دەرمان بەچارەخوازبدات.
هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان و ڕونیدەكاتەوە كە زیانە زانستییەکانی دەرمانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردنی ئۆنڵاین
ئەو بەرهەمانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنڵاین بۆ دابەزاندن یان زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن، سەرچاوەو پێکهاتەیان نەزانراوەو زیانی کوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە لەوانە:
دەرمانی خۆلاوازکردن (کێش دابەزاندن):
زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لەکافایین و هاندەرە توندەکان لەخۆ دەگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.
دەرمانی خۆقەڵەوکردن (کێش زیادکردن):
زۆربەی کات بڕێکی نائاسایی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆن) یان ستیرۆید لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی کۆبونەوەی شلە لەلەشدا، تێکچونی سیستمی بەرگری، کێشەی هۆرمۆنیی توندو لاوازکردنی توانای کارکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە.
وەزارەتی تەندروستی دوپاتی دەکاتەوە کە دەرمان تەنهاو تەنها دەبێت لەدەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان و بەڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دابین بکرێت و تیمە چاودێرییەکانمان بەتوندی بەدوای سەرپێچیکاراندا دەگەڕێن هەر کەسێک ئەم مامەڵەیە بکات ڕوبەرووی یاسا دەکرێتەوە.
