ئەمریکا وڵاتانی کەنداو ئاگاداردەکاتەوە.. ئایا جەنگی ئێران دەستپێدەکاتەوە؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال" ئاشکرای کردووە کە واشنتۆن داوای لە چەند وڵاتێکی کەنداو کردووە خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی چڕ، بەڵام کورتخایەن، ئامادە بکەن. ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی دیکەیە بەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکان دژی ئێران ئامادە دەکەن.

 
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام ئاراستەی بەرەو هێرشێکی فراوان دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکایە. سەرچاوە نزیکەکان لە ترەمپ دەڵێن، هێرشەکە دەتوانێت ژێرخانی ئێران و دامەزراوە ناوەکییەکانی بکاتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئاگادار دەڵێن سوپای ئەمریکا سیستەمی مووشەکیی پاتریۆت لە ویلایەتی تێکساسەوە بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازێتەوە، هەروەک هێزەکانی لە بنکە مەترسیدارەکان دوور دەخاتەوە. هێزە ئەمریکییەکان بەدوای پڕکردنەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیانن، لە کاتێکدا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان و سەربازەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادە دەکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، گرووپێکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر و یەکەیەکی پیادەی دەریایی ئەمریکا چاوەڕێ دەکرێت مانگی داهاتوو بگەنە ناوچەکە.

بەڵام سێس جۆنز، شیکەرەوەی کاروباری بەرگریی لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان و نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە ترەمپ لەوانەیە هێرشە نوێیەکان بەکاربهێنێت بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و کەمکردنەوەی بەشداریی ئەمریکا لە شەڕەکە، تەنانەت ئەگەر هێرشەکان کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان نەبێت. 

ئەو جەختی کردۆتەوە کە هێرشەکان بە تەنیا ناتوانن بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بە شێوەیەکی هەمیشەیی دوا بخەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://www.mc-doualiya.com/%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%88%D8%B3%D8%B7/20261028-%D9%88%D8%A7%D8%B4%D9%86%D8%B7%D9%86-%D8%AA%D8%B9%D8%B2%D8%B2-%D8%AF%D9%81%D8%A7%D8%B9%D8%A7%D8%AA%D9%87%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D8%B7%D9%82%D8%A9-%D9%88%D8%AA%D8%B7%D9%84%D8%A8-%D9%85%D9%86-%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%AE%D9%84%D9%8A%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D8%AF-%D9%87%D9%84-%D8%AA%D8%B9%D9%88%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%85%D8%B9-%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86