شارپرێس:
کەناڵی 13ی عیبری ئاشکرایکردوە، پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە گادی ئایزنکۆت ڕێبەری پارتی (یاشار)، لەلایەن سەرۆکی وڵات، ئیسحاق هێرتسۆگەوە ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل، ئەمەش پاش ڕاگەیاندنی دەرەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەچەند ڕۆژی داهاتودا.
ئەم پێشهاتەش لەژێر سێبەری ئەو پێشبینییانەدا دێت کە ئێوارەی چوارشەممە ئاماژەیان بەوەکردوە، هێرتسۆگ بەتەمایە مافی پێکهێنانی حکومەت ببەخشێتە ئەو كاندیدهى کە زۆرترین پشتگیریی لایەنەکان لەیەکەم خولی گفتوگۆکاندا بەدەستدەهێنێت، هەرچەندە سەرۆکی وڵات خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە لەبڕیارداندا، بەڵام ژمارەی پێشنیازی پارتەکان قورسایی توندی هەیە لەدیاریکردنی كاندیدهکەدا؛ بەم پێیەش چانسی ئایزنکۆت بۆ ڕاسپاردن زۆر زیاتره لهناتانیاهۆ.
کەناڵە عیبرییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ئایزنکۆت دەچێتە پێگەیەکەوە کە ڕێگەی پێدەدات کۆنترۆڵی پەرلەمان (کنێست)و لیژنەی ڕێکخستن بکاتو هەنگاوی کرداری بەرەو پێکهێنانی حکومەت بنێت.
پێش دەستپێکردنی خولی گفتوگۆکان لەبارەگای سەرۆکایەتیدا، هێرتسۆگ خۆی لەبەکارهێنانی ڕونی دەستەواژەی "حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی" پاراست، سەرەڕای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا باسی لەئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانى دور لەتوندڕەوەکان کردبوو.
هێرتسۆگ پێشتر ڕایگەیاندبوو، "ڕۆژی هەڵبژاردنەکان زۆر سەرنجڕاکێش بوو؛ چونکە بۆ یەکەمجار پاش چەند دەیەیەک، شایەتی ڕێژەیەکی بێوێنەی بەشداریکردنی دەنگدەران بوین، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی کۆمەڵگەی ئیسرائیل کە ئەمە خۆشحاڵییەکی گەورە بەمن دەبەخشێتو قوڵیی ویستی دیموکراسی لەناو ئیسرائیلدا دەسەلمێنێت".
سەبارەت بەدەرەنجامەکانی هەڵبژاردنیش وتی، "هەفتەی داهاتوو دەرەنجامە فەرمییەکان لەلایەن دادوەر سۆلبێرگەوە وەردەگرم، و پاشئەوە پڕۆسەی گفتوگۆکان دەستپێدەکەم، گوێ لەسەرجەم بەرەکان بەجیا دەگرم، پرسیارەکان دەخەمەڕوو گفتوگۆکان بەڕێوەدەبەم".
ئهوهشى وتوه، "بابەتێک هەیە دەبێت بەتەواوی ڕون بێت کە پێش هەڵبژاردنەکانیش جەختم لەسەرکردوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم تواناکانی خۆمان بەکاربهێنین، بەتایبەت پاش ههڵبژاردن، بۆ دورکەوتنەوە لەئەنجامدانەوەی خولێکی دیكهى هەڵبژاردنەکان، چاوەڕوانیش لەهەر کەسێک دەکەم دێتە ئێرە، بەمێشکێکی کراوەوە بێت".
