هاوپەیمانێتی یان بنبەست.. چ جۆرە ئیسرائیلێک لەسندوقەکانه‌وه‌ له‌دایكده‌بێت؟

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کۆتاییانهات، بەڵام سندوقەکانی دەنگدان هێشتا هەموو ئەو شتانەیان دەرنەخستوە کە له‌هەگبەیاندایە، ژمارەی جیاکردنەوەی سەرەتایی، سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بە هیچ لایەنێک نابەخشن، جیاوازییەکان لەنێوان بەرەکەی بنیامین ناتانیاهۆو بەرەی گادی ئایزنکۆتدا زۆر کەم‌و به‌رتەسکن، به‌گوێره‌ى پێوەرەکانی ئێستا، ئەگەری زۆر ئەوەیە کە هەردولایەن نەتوانن بگەنە ژمارە جادویەکە کە 61 کورسییە؛ واتە زۆرینەی پەرلەمان (کنێست).


ئەی ئەو بژاردانە چین کە لەبەردەمیاندا واڵان‌و چ جۆرە ئیسرائیلێک لەم هەڵبژاردنانەوە دێتە دەرێ؟
پارادۆکسەکە لەوەدایە کە دەنگدان کۆتاییهات، بەڵام شەڕی گەیشتن بەدەسەڵات تازە دەستیپێکردوە، ناتانیاهۆ بەجیاوازییەکی کەم لەپێشەوەیە، ئایزنکۆتیش ڕاوەدوی دەنێت، لەکاتێکدا پێدەچێت پارتە عەرەبییەکان ببنە تەرازوی یەکلاکردنەوەی هێز بەهۆی ئەو پێشبینییانەی کە باس لەبەدەستهێنانی 17 بۆ 18 کورسی دەکەن لەلایەن ئەوانەوە.

لەگەڵ بەشداریکردنی 77.7٪ی دەنگدەران کە بەرزترین ڕێژەیە لەچەند دەیەی ڕابردودا، دەرەنجامە سەرەتایی‌و ناگۆڕاوەکان نیشانەی جوڵەیەکی بەرفراوانی گشتین کە مۆڵەتی ڕونی بەهیچ کەسێک نەبەخشیوە؛ چونکە هەر یەک کورسیی زیادە دەتوانێت دەرفەتی ڕاسپاردن بگۆڕێت‌و سەرجەم حساباتی گفتوگۆکان سەرەوژور بکات.

لەبەردەم ئەم دیمەنەدا، چوار ڕێڕەوی ئەگەری هەن، ئەوانیش چین؟
یه‌كه‌م، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی فەرمیی باو، سازشکردن لەسەر کورسی‌و وەزارەتەکان، پاشان ڕاسپاردنی ئەو کەسایەتییەی لەلایەن سەرۆک ئیسحاق هێرتسۆگەوە کە زۆرترین توانای هەیە بۆ کۆکردنەوەی زۆرینە، مەرجیش نییە ئەوکەسە ڕێبەری ئەو پارتە بێت کە لەپێشەنگی هەڵبژاردنەکادایە، لێرەدا ئەرکەکە زۆر ئاڵۆزە، بەتایبەت لەگەڵ سنورداربونی بژاردەکانی ناتانیاهۆ، دودڵیی ئایزنکۆت تائێستا لەپشتبەستن بەپارتە عەرەبییەکان، سەرەڕای ئامادەیی بەشێک لەو پارتانە بۆ هاوکاری لەپێناو شکستهێنان بەناتانیاهۆ.

دوەم، دەسەڵاتی کەمینە (حکومەتی کەمینە)؛ لێرەدا ڕەنگە ئایزنکۆت بتوانێت دەسەڵاتێک پێکهێنێت کە بۆ تێپەڕاندنی بڕیارە بنەڕەتییەکان پشت بەدەنگی ئەو پەرلەمانتارانە ببەستێت کە لەدەرەوەی هاوپەیمانێتییەکەن، لەم سیناریۆیەشدا، پارتە عەرەبییەکان دەبنە هۆکاری یەکلاکەرەوە، بەتایبەت پاشئەوەی لیستى عەرەبیی یەکگرتوو (ڕاعەم) ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی لەگەڵ نەیاران نیشاندا، لیستى هاوبەشیش پێشنیازی دابینکردنی پاڵپشتیی پەرلەمانی کرد بۆ لادانی ناتانیاهۆ، بەڵام ئایزنکۆت تائێستا بەفەرمی ئامادەیی خۆی بۆ گرتنەبەری ئەم بژاردەیە ڕانەگەیاندوە.

سێیەم، دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانییە کە هەردوو ڕکابەرەکە پێکەوە کۆدەکاتەوەو چەندین هێزی ڕاستڕەوو ئاینیی توندڕەو دوردەخاتەوە، ڕاپرسییەکیش نیشانیداوە کە 60٪ی ئیسرائیلییەکان پاڵپشتیی ئەمشێوازە دەکەن، بەڵام گرێکوێرە سەرەکییەکەی سیاسییه‌، چۆن ئایزنکۆت هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو پیاوەدا بکات کە تەواوی بانگەشەکەی بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئەو بونیادنابوو؟.

ئەگەر ئەم سێ بژاردەیە پەککەوتن، ڕێڕەوی چوارەم دەمێنێتەوە، ئەویش ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی نوێیە؛ چونکە كاندیدى ڕاسپێردراو 28 ڕۆژی پێدەبەخشرێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکە، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 ڕۆژی دیكه‌، پێشئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ڕێکارە دەستورییەکانی دیكه‌ کە ڕەنگە بەدوبارەکردنەوەی دەنگدان کۆتایی بێت.

بەم پێیەش، پێدەچێت پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەبێ هەبونی سەرکەوتویەکی خاوەن توانای یەکلاکردنەوە کۆتایی بێت، لەنێوان هاوپەیمانێتییە چاوڕواننەکراوەکان‌و قبوڵکردنی ئەو سازشانەی کە ڕەنگە ڕکابەرەکان بەتاڵ‌و ناچاریی بزانن، پرسیارەکە بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئایا ئەم هەڵبژاردنانە دەرگای گۆڕانکاری واڵادەکەن، یان ئیسرائیل دەگێڕنەوە بۆ ناو گێژاوی بنبەستی سیاسیی؟.