جانتای بچووک لەسەر پشتی مشکەکان.. ڕێگایەکی نوێ بۆ دۆزینەوەی قوربانیانی بومەلەرزە

هەمەڕەنگ

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی ناحکومی "ئاپۆپۆ" (APOPO) ڕاهێنان بە مشکە ئەفریقییە گەورەکان دەکات، بۆ ئەوەی لە کاتی بومەلەرزە و ڕووخانی بیناکاندا بەشداری لە دۆزینەوەی قوربانییە زیندووەکاندا بکە.

 ئەم مشکە ڕاهێنراوانە، کە بە "RescueRATs" ناسراون، جانتایەکی تایبەتییان لە پشتەوەیە کە کامێرا، مایکرۆفۆن، بڵندگۆ، چرای بچووک و پاتریی تێدایە. ئەم کەرەستانە ڕێگە بە تیمەکانی ڕزگارکردن دەدەن بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی ژێر داروپەردووەکان پەیوەندیی بکەن.

بەپێی بەرپرسانی ڕێکخراوەکە، قەبارەی بچووک، کێشی سووک، خێرایی و هەستی بۆنکردنی بەهێزی ئەم مشکەیان وای لێدەکات بتوانن بە ئاسانی لە کون و بۆشاییە تەسکەکانی ژێر داروپەردوەکاندا بجوڵێن، بەبێ ئەوەی مەترسیی زیاتر درووست بکەن.

ڕاهێنانەکان لە ناوەندی ڕێکخراوەکە لە شاری مۆرۆگۆرۆی تانزانیا ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەک مشکەکان فێر دەکرێن ڕێڕەوی قورس تێپەڕێنن، بۆنی مرۆڤ بدۆزنەوە و کاتێک کەسێک دەدۆزنەوە، بە ڕاکێشانی زنجیرێکی بچووک ئاگاداری ڕاهێنەرەکەیان بکەنەوە.

کێشی جانتاکان لە 10 گرام زیاتر نییە و پاتری وەشانی نوێیان تا 35 خولەک لە کاتی گواستنەوەی ڤیدیۆدا کار دەکات، بەڵام، نەبوونی سیستەمی دیاریکردنی شوێنی GPS لە ژێر داروپەردووەکاندا، بەربەستێکە کە ڕێکخراوەکە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ دەدات.

یەکەم کۆمەڵەی ئەم مشکە ڕاهێنراوانە لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بۆ تاقیکردنەوەی مەیدانیی گوازراونەتەوە بۆ تورکیا، و ئامانجی کۆتایی ڕێکخراوەکە بەکارهێنانیانە لە وڵاتێک کە بەردەوام مەترسیی بومەلەرزەی هەیە.

 بەرپرسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم مشکە جێگرەوەی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا نین، بەڵکو ئامرازێکی یارمەتیدەرن بۆ خێراکردنی دۆزینەوەی زیندووەکان و دیاریکردنی شوێنە پێویستەکان بۆ ڕزگارکردن.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی